تەنگژەی دەروونیی منداڵان لە دنیادا گەیشتووەتە ئاستێكی شۆكهێنەر، ئەوەیش وایكردووە حاڵەتی خۆكوشتن لەناو منداڵان زیاتر بێت، ئەویش زیاتر بەهۆی فراوانبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە كە راپۆرتێكی رێكخراوی "كیدز رایتس" بۆ مافەكانی منداڵان ئەوەی خستووەتەڕوو.
پێگەی "
عەرەبیە" رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو لێكۆڵینەوەیەی رێكخراوی "كیدز رایتس" بۆ مافەكانی منداڵان كردوویەتی، ئەو رێكخراوە بارەگای لە ئەمستردام و زانكۆی ئیراسمۆس لە رۆتەردامدایە و ئاماژەی داوە، 14% لە هەرزەكاران لە دنیادا كە تەمەنیان لە نێوان 10 تا 19 ساڵە، تووشی كێشەی تەندروستیی دەروونی بوون. هەروەها حاڵەتی خۆكوشتن لەناو 100 هەزار هەرزەكار، شەش حاڵەتە بۆ ئەو هەرزەكارانەی تەمەنیان لە نێوان 15 تا 19 ساڵە.
رێكخراوەكە لە راپۆرتی 2025ی ئاماژەی بە پێوەندییە دڵەڕاوكێكان داوە كە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروونی منداڵان دروست دەكات، رێكخراوەكە هۆكارە سەرەكییەكەیشی بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگەڕێنێتەوە كە منداڵان خووی پێوە دەگرن، دواتریش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەڵسوكەوتی رۆژانەیان دادەنێت.
راپۆرتەكە باس لە جیاوازیی هەرێمی و كێشە گەورەكانی دەكات و بۆ ئەوەیش ئەوروپا زیاتر ئەو مەترسییەی دەكەوێتە سەر، چونكە زۆربەی ئەوانەی تەمەنیان 13 ساڵی تێپەڕ نەكردووە، خوویان بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتووە، ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵی تێپەڕاندووە، زیاتر ئالوودەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبن، ئەوەیش لە ئەنجامدا كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر دەروونیان دروست دەكات.
مارك دولارت كە دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی "كیدز رایتس"ـە، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بە راپۆرتی ئەمساڵی رێكخراوەكە دەكات كە پێی وایە، ئەنجامەكەی زەنگێكی مەترسیدارە و هی ئەوە نییە فەرامۆش بكرێت، چونكە گیان و ژیانی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە.
دواتر دووپات دەكاتەوە بەهۆی ئەو كێشە تەندروستییەوە كە زیاتر دەروونییە، دۆخی منداڵان و بەتایبەتی هەرزەكاران، لە ئاستێكدا نییە فەرامۆش بكرێت و دەبێ لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بكرێت و چارەسەری بۆ دەستنیشان بكرێت.