بریكاری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، یاسای كار لە ھەرێمی كوردستان هەیە و پێویستە ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 23ی حوزەیران، زەكیە سەید ساڵح بریكاری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسای كار، پێویستە كرێكاری ناكارامە رۆژانە نابێت زیاتر لە ھەشت سەعات زیاتر كار بكات و مووچەیشی لە 350 هەزار دینار كەمتر بێت، ئەمانە ئەوانەن كە ھیچ پسپۆرییەكیان نییە.
دووپاتی كردەوە كە ئەوەی سەرپێچی بكات، ھێڵی 5500 ھەیە كرێكار دەتوانێ پێوەندیی بكات بەو ژمارەیە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیكار دەكرێت، چونكە ئەوە یاسایە و پێویستە جێبەجێ بكرێت .
زەكیە سەید ساڵح گوتی، جگە لەوەیش بۆ پاراستنی مافی كرێكار، دەستەبەركردنی كرێكاریش بەردەوامە و ئێستە لە هەرێمی كوردستان 193 ھەزار كرێكار دەستەبەر كراون، بەردەوامیش رێژەكە لە زیادبووندایە، جگە لەوەش بڕیاری 172 ھەیە، پێویستە لە ھەر پڕۆژەیەك رێژەی كرێكاری ناوخۆیی لە 75%ی كەمتر نەبێت بۆ رەخساندنی ھەلی كار بۆ كرێكاری خۆمان .
ڕوونیشی كردەوە، ئێمە لیژنەمان ھەن و بەدواداچوونی بۆ دەكەن، پشكێنەری كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیش ھەن بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكان دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو رێژەیەی حكوومەت دیاری كردووە لە پڕۆژەكان، جێبەجێ دەكرێت و یاسای كاریش بەھەمانشێوە، بۆ ئەوەی مافی كرێكار لە ھەرێمی كوردستان پێشێل نەكرێت و مافیان پارێزراو بێت .
وشە/ بڵند ئیبراھیم