پشووەكانی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ تەواو دەبێت و دانیشتنەكان دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ پشووەكانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی تەمووز، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پشووی هاوینەی پەرلەمانی كورستان دەست پێ دەكات كە بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پشووی یاسادانانە.
دەشڵێت، پشووەكە ماوەی دوو مانگە و تا یەكی ئەیلوولی 2025ە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە پەرلەمان دەوامی تێدا ناكرێت، هەر حاڵەتێكی پێوست هەبێت پەرلەمان دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دەدات.
بەپێی یاسای كاروباری ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ پشووەكە دەست پێ دەكات، كۆبوونەوەكان تەنیا بۆ كاتی پێویست و بەپەلە دەبێت، ئەوەیش دەبێت سەرۆكی پەرلەمان بە 48 سەعات پێشوو پەرلەمانتاران ئاگادار بكاتەوە.
هاوكات ئەمڕۆ پشووی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی دەست پێ بكاتەوە.
پشووەكەی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە دێت لە 10 دانیشتنی رابردوو بەهۆی تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی، نەتوانراوە كۆبوونەوەكان بكرێت.
لە كاتی وەرزەكانی پشووی پەرلەمانی كوردستاندا، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەكانیان دەكەن، بەڵام كۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ناكرێت.
تا ئەمڕۆ لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی شەشەم پێكنەهێنراون، بۆیە لەم پشووەدا لیژنەكانیش كۆبوونەوەیان نابێت.