ئەمڕۆ هونەرمەندێكی ناوداری عێراقی كۆچی دوایی كرد

:: PM:04:16:03/07/2025 ‌
سەندیكای هونەرمەندانی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، تالیب روبێعی كە ئەكتەرێكی ناوداری عێراقییە و لە دەیەكانی حەفتاكانەوە كار لە نواندن دەكات، ئەمڕۆ بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی سەندیكای هونەرمەندانی عێراق، هونەرمەند تاڵیب روبێعی لە تەمەنی 74 ساڵی و بەهۆی نەخۆشییەوە، لە بەغدا كۆچی دوایی كرد.

باس لەوە دەكرێ كە چەند رۆژێك بەرلە ئێستە ئەو هونەرمەندە دۆخی تەندروستیی تێكچووبوو، لە نەخۆشخانەی عێراقی- كۆری لە بەغدا چارەسەری بۆ دەكرا، بەڵام ئەمڕۆ كوڕەكەی هەواڵی مردنی لە رێگەی فەیسبووكەوە بڵاو كردەوە.

تاڵیب روبێعی لە ساڵی 1951 لە بەغدا لە دایك بووە. كاری هونەریی لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە دەست پێ كرد و وەك ئەستێرەیەك لە شانۆ و درامای عێراقی ئاماژەی پێ دەكرا.

ئەو هونەرمەندە زیاتر بە رۆڵی "سوبحی الاقرع- سوبحی كەچەڵ" لە درامای "عالم الست وهیبە" زیاتر بووە ئەستێرەی نواندن كە ئەو درامایە لە دەیەی نەوەتەكان بڵاو كرایەوە. 
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د