ستار دەشتی كە یەك لە مەقامبێژ و گۆرانیبێژە كۆنەكانی كوردە، دوێنێ لە شوێنی لەدایكبوونی "خانەقین" بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، دوێنێ ستار دەشتیی مەقامبێژ بەهۆی نەخۆشییەوە لە خانەقین كۆچی دوایی كرد، بێ ئەوەی باس لە جۆری نەخۆشییەكەی بكرێت، تەنیا ئاماژە بە توانای ئەو هونەرمەندە لە بوارەكەی خۆیدا كراوە كە كاروانی هونەریی بۆ زیاتر لە 50 ساڵ دەگەڕێتەوە.
ستار دەشتی وەك گۆرانیبێژ و مەقامبێژ، دەكاتە برازای مەقامبێژی ناوداری كوردی "خوداداد عەلی" و زۆربەی زانیارییە هونەری و مەقامییەكانی لەو وەرگرتووە، بۆیە لە منداڵییەوە بە لاساییكردنەوەی مامی گۆرانی و مەقامی چڕیوە.
باس لەوە دەكرێ كە ستار دەشتی لە ساڵی 1975 رووی لە ئێزگەی كوردیی بەغدا كردووە بۆ تۆماركردنی گۆرانی و مەقام، لەوێش چاوی بە هونەرمەند عەلی مەردان كەوتووە و ئەو لە بوارەكە وەك "مەقام" تاقیی كردووەتەوە، دواتریش عەلی مەردان سەرسامی ەنگی سەتار دەشتی بووە و رێگەی بۆ خۆش كردووە كە چەند گۆرانی و مەقام لەو ئێزگەیە تۆمار بكات.
دواتریش باس لەوە كراوە كە چەند ساڵێكە ئەو هونەرمەندە بەرهەمی نوێی بڵاو نەكردووەتەوە، ئەویش بەهۆی نەخۆشییەوە بووە. دوێنێش لە خانەقین كۆچی دوایی كرد و دەیان بەرهەمی هونەریی بۆ ئەرشیڤی هونەری كوردی جێهێشتووە.