دوای بڕیاری جیابوونەوە، ژن و مێردێكی ئەمەریكی لە نیویۆرك، ڕێگەیەكی داهێنەرانەیان گرتەبەر بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانیان، لەبری ئەوەی منداڵەكان لە نێوان دوو ماڵدا هاتوچۆ بكەن و ژیانیان تێكبچێت، بڕیاریان دا ماڵی خێزانەكە وەك "هێلانە"یەكی جێگیر بۆ منداڵەكانیان بهێڵنەوە و خۆیان بە نۆرە تێیدا بژین.
كاتێك كاسلین بریگهام و هاوسەرەكەی جیم، بڕیاریان دا كۆتایی بە ژیانی هاوسەرگیرییان بهێنن، كاسلین پێشنیازێكی نامۆی خستەڕوو كە ژیانی سێ منداڵەكەیانی لە سەرووی هەموو شتێكەوە دادەنا، بیرۆكەكە ئەوەبوو منداڵەكان كە ئەو كاتە تەمەنیان ٤، ٩ و ١٢ ساڵ بوو، لە ماڵی سەرەكی خێزانەكەدا بمێننەوە و لەبری ئەوان، دایك و باوكەكە بە نۆرە بێن و لەگەڵیاندا بژین.
بەپێی ڕێككەوتنە نافەرمییەكەیان، كاسلین زۆربەی ڕۆژەكانی هەفتە لە شوقەكەیاندا لەگەڵ منداڵەكانی دەمایەوە، لە كاتێكدا جیم لە شوقەیەكی بچووكتردا دەژیا كە تەنیا چەند خولەكێك لە ماڵەكەوە دوور بوو.
پاش نیوەڕۆی هەموو چوارشەمەیەك دوای تەواوبوونی كار، جیم دەگەڕایەوە ماڵەوە و كاسلین بۆ ماوەیەك دەچووە شوقەیەكی بەتاڵی هاوڕێیەكی یان لای خزمەكانی دەمایەوە.
سیستمەكە بەشێوەیەك ڕێكخرابوو كە هەریەكەیان ڕۆژێكی كۆتایی هەفتەیان بە تەنیا لەگەڵ منداڵەكان بەسەر دەبرد، جوانترین بەشی ڕێككەوتنەكەش ئەوەبوو كە شەوانی یەكشەم هەموو خێزانەكە پێكەوە كۆ دەبوونەوە و ژەمێكی ئێوارەیان بەیەكەوە دەخوارد، بۆ ئەوەی هەستی پێكەوەبوون و خێزان لەلای منداڵەكان بە زیندوویی بمێنێتەوە. ئەم شێوازە نوێیە كە بە "هێلانەی باڵندە" ناسراوە، دووپات لەسەر پاراستنی سەقامگیریی دەروونی و كۆمەڵایەتیی منداڵەكان دەكاتەوە لە كاتی جیابوونەوەی دایك و باوكدا.