دوو ماڵباتی رووداوی بەنزینخانەكەی هەولێر ئاشتەواییان راگەیاند، کە لە كاتی دانیشتنەكەیاندا نوێنەری سەرۆك بارزانی ئامادە بوو.
ئێوارەی چوارشەم، شەشی ئابی 2025، لە بەنزینخانەیەكی هەولێر، دەمەقاڵی لەنێوان كارمەندانی بەنزینخانەیەک و كڕیارێكی خۆیان دروست دەبێت، بەهۆی ئەو دەمەقاڵییەوە، یەك لە كارمەندانی بەنزینخانەكە بە چەكی كلاشینكۆف، تەقەی لە دوو كڕیاری خۆیان كرد، لە هەمان كاتدا هاووڵاتییەكی تریش كە لە نزیك ڕووداوەكە بوو، بەر دەستڕێژی كەوت و ئەویش گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ دووشەم، 18ی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی، دوو ماڵباتی ڕووداوی بەنزینخاكەی هەولێر کە یەکێک لە بنەماڵەى کوژراوە عەرەبەکان و بنەماڵەى بکوژەکە بوون، ئاشتەواییان ڕاگەیاند.
باوكی یەكێك لە قوربانییە عەرەبەکان، بە كەناڵی كوردستان24ی راگەیاند، پێشوازی لەم شاندەی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئەوان ئێمەیان گەورە كرد و لە خەم و ئازاریان كەم كردینەوە، سوپاسیان دەكەم.
ئەو گوتی، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان قسەمان كردووە و داواكارییەكانی خۆمان لەبارەی رووداوەكە پێگەیاندوون، بێگومان داواكاری ئێمە لە سێدارەدانی بكوژە.
هاوكات شێخ سەبری سەرۆكی یەكێك لە هۆزەكانی ئەنبار گوتی، خوای گەورە سەرۆك بارزانی بپارێزێت، هەر كاتێك سەرۆك بارزانی پەیامێكی دەبێت ئێمە پێی دڵخۆش دەبین، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بەرەو پێشەوە دەچێت و گەشانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەش مایەی دڵخۆشی ئێمەیە.