سێكس، جیا لە سوودە تەندروستییەكانی بۆ جەستە و دەروونی مرۆڤ، رێگەیەكە بۆ وەچەخستنەوە و بەردەوامبوونی مرۆڤایەتی، مرۆڤ بەپێی تەمەن و كات و شوێن لەو چالاكییە جیاوازە، هاوكات بەپێی كۆمەڵگەكانیش جیاوازی هەیە، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات لە ئەمەریكا بەهۆی چەند هۆكارێكەوە تاكەكان لە سێكس سست بوونەتەوە و ئەو وڵاتە تووشی داتەپینی سێكسی بووە.
توێژینەوەیەكی نوێی پەیمانگەی توێژینەوە خێزانییەكان ئاماژە دەكات كە ئێستە ئەمەریكییەكان كەمترین ئاستی سێكس ئەنجام دەدەن، تەنانەت بە بەراورد بە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرناش كە خەڵك خۆی لە یەكتر دەپاراست، بۆیە ئەوان تووشی داتەپینی سێكسی بوونەتەوە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا كە پشتی بە داتای رووپێوییەكی زانكۆی شیكاگۆ لە 2024 بەستووە، دەركەوتووە 37%ی كەسەكان لە تەمەنی 18 بۆ 64 ساڵ بە لایەنی كەم لە هەفتەیەك یەكجار سێكس دەكەن، براد ویلكۆكس توێژەر دەڵێت، ئاڵوودەی شاشەكان بووین و خەریكە پێوەندیی مرۆڤ بە مرۆڤەكانی تر پاشەكشە دەكات، خەڵك كاتێكی زیاتر بە دەیار مۆبایلەكانیان بەسەر دەبەن، زیاتر لەوەی لەگەڵ هاوبەشی ژیانیانن، ئێمە لەوەی پێویستە بۆ ژیانی كۆمەڵایەتی و سێكسی لە پاشەكشەداین.
بەپێی رۆژنامەكە ئەو سستبوون و كەمبوونەوەی خواستی سێكسییە هەموو تەمەنەكانی تا 64 ساڵی گرتووەتەوە، بە هاوسەر و سینگلەكانیش، نێر و مێش، توێژەران هۆكاری حاڵەتە بۆ چەند شتێك دەگەڕێننەوە، لەوانە كەمبوونەوەی تێكڕای هاوسەرگیری، كە وا دەكات كەمتر سێكس بكرێت، ژینگە و سترێس و گوشاری كۆمەڵایەتی و رارایی و ترس لە دوارۆژ و بژێوی و دارایی و هیتریش ئەوانە خواستی سێكس كەم دەكەنەوە.
توێژەران باسی چەند هۆكارێكی تر دەكەن لەوانە ترس لە باوكایەتی و دایكایەتی و كێشەی پێوەندییەكان و نیگەرانیی دارایی و سەرقاڵبوون بە دیار شاشەكان و قسەكردن لە دوورەوە و دووركەوتنەوە لە دیداری مرۆڤەكان.