تیكتۆكچییەكان بە تەواوی دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە

:: PM:03:39:11/09/2025 ‌
هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن دەزگا تەناهییەكانی كوردستان و هەولێر بەتایبەت، ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانە گیران كە خۆیان وەك تیكتۆكچی ناساندووە و شەوانە لایڤ دەكەنەوە، بەڵام چاودێریی لەسەر ئەوانە زیاتر چڕ دەكرێنەوە و بەڵێننامەیش بە هەموویان پڕ دەكرێتەوە. 

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە" دوای ئەو هەڵمەتەی ئاسایشی هەولێر بۆ گرتنی چەندان تیكتۆكچی لە هەولێر، كە لە لایڤەكانیاندا قسەی نەشیاویان دەكرد و جنێویان دەدا، ئێستە تا ئاستێك ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە پاك كراوەتەوە كە متر جنێودەر و ئەوانەی قسەی نەشیاویان كرد دەردەكەون. 

"وشە" زانیویەتی جیا لەوانەی گیراون، لە ماوەی رابردوودا بەڵێننامە بە زۆر لەوانەیش پڕ كراوەتەوە كە لایڤ دەكەنەوە، بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێكدا ئەگەر كردارێك بكەن و لەگەڵ ئادابی گشتیی نەگونجێ‌، لەلایەن ئاسایشەوە بگیرێن. 

شەوی ڕابردوو ئاسایشی هەولێر رای گەیاند، كەسێكیان بەناوی "خەپە شەكرۆكە" گرتووە، لە كاتێكدا دووجاریش ئاگادار كراوەتەوە كە لە لایڤی تیكتۆك ئەو زمانەی قسەی پێ دەكات بەكاری نەهێنێ‌. 

جێی ئاماژەیە كە لە رابردوودا هەریەكە لە كەیفی زراری و حەمە جەرگە و چەندان ناوی تری هاوشێوە، لەلایەن ئاسایشەوە گیران. 



وشە - وشه‌