لەماوەی رابردوودا، دەیان كەیسی جۆراوجۆری جیابوونەوەی ژن و پیاو خراوەتە بەردەم دادگای سلێمانی و پارێزەرێكیش دەڵێ، ئەوەی كە زۆر سەرنجراكێش بووە لەماوەی رابردوودا، ژن و پیاوێك لەسەر كڕینی دەبەیەك ئاو لە یەكتر جیابوونەتەوە.
هەرچەندە جیابوونەوەی ژن و پیاو زۆربەی جار لەسەر دروستبوونی كێشەی گەورەیە كە كۆتایی بە پێوەندی هاوسەرگیرییان دەهێنن و شەرع و یاسا رێی بەوە داوە تا كێشە زیاتر گەورە نەبێت جیابوونەوە چارەسەرە، بەڵام كەمجار هەبووە لەسەر كێشەی زۆر بچووك، ژن و پیاو كۆتایی بە پێوەندی هاوسەرگیرییان بهێنن.
رووداوی جیابوونەوەی لەسەر دەبەیەك ئاو بەو جۆرە بووە: كچ و كوڕێك كە لە قۆناغی دەستگیرانداری بوون، كاتێك لە پیاسەی دڵداری گەڕاونەتەوە لە ڕێگادا كچەكە داوای لەو دەستگیرانەی كردووە دەبەیەك ئاوی بۆ بكڕێ، بەڵام كوڕەكەی پێی گوتووە، چ پێویست ناكات ئێستە دەڕۆیەوە ماڵەوە و تێر ئاو بخۆوە.
رووداوەكە لەوێ كۆتایی نەهاتووە، كاتێك كچەكە دەچێتەوە ماڵەوە و چیرۆكەكە بۆ دایكی و ماڵەوەیان دەگێڕێتەوە راستەوخۆ پێوەندی بە دەستگیرانەكەی دەكات و دەڵێ، ئێمە لەیەكتر جیا دەبینەوە.
ئەوە نموونەی دەیان چیرۆكی جیابوونەوەی ژن و مێردە كە رۆژانە لە دادگاكانی كوردستان تۆمار دەكرێت.
جوان عەبدولواحیدی پارێزەر لە شارى سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، رۆژانە نموونەی وا زۆرن لە دادگاكان، بەڵام ئەوەی زۆر جیاوازە ئەو رووداوانانە كە بیر ناچنەوە، وەك ئەو ژن و مێردەی كە لەسەر دەبەیەك ئاو لەیەكتر جیابوونەتەوە.
ئەو گوتی، لە كۆتاییدا ژنەكە بیانووی ئەوە بووە كە ئەگەر ئێستە كە لە قۆناغی دەستگیرانداری ئامادە نەبیت دەبەیەك ئاو بكڕێ، بێگومان لە داهاتوودا بۆ شتی گەورەتر هەر ئامادە نیت دابینی بكەیت.