حەج و عومڕەی كوردستان: ئەوانەی لەسەر مادەی هۆشبەر لە سعوودیە گیران كورد نین

:: PM:04:54:15/09/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رای دەگەیەنێت، ئەو چەند كەسەی لە سعوودیە گیران بە تۆمەتی بردنی مادەی هۆشبەر هاووڵاتی و عومڕەكاری هەرێمی كوردستان نین و خەڵكی پارێزگاكانی تری عیراقن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان ئەوە روون دەكاتەوە، سەرجەم كۆمپانیاكانی حەج و عومڕە و خاوەن كۆمپانیاكان پابەندن بە رێنوێنییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعومڕەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی.

دووپات دەكەنەوە، هەرێمی كوردستان نە لە نزیك نە دوور پێوەندی بەو پرسەوە نییە، ئەگەر بەهەر جۆرێك ناوی پارێزگایەكی هەرێمی كوردستانیش بهێنرێت هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو كەسانەی لە شارى مەدینە گیران وێنەكانیان لە میدیا سعوودی و جیهانییەكان بڵاوكراونەتەوە، ئاماژەیەكی ڕوونە كە ئەمانە دانیشتووی كام شوێن و كام ناوچەن.

لە كۆتایدا رای دەگەیەێنت، پێوەندی و هاوئاهەنگی توندوتوڵ و پتەو لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق و هەموو دەزگاكانی تری حكوومەتی فیدراڵ هەیە، هەر رێنوێنییەك لە دەستەی حەج و عومڕەی عیراقییەوە دەرچووبێت وەك خۆی جێبەجێ كراوە، بۆ بەرچاوڕوونی هەمووان كە ماوەی سێ ساڵە لەسەر یەك لە سعوودیە خەڵاتی باشترین شاندی حاجییانیان دراوە بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو دەستكەوتە لە نێوان هەموو شاندی وڵاتانی جیهان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم