ئه‌مڕۆ ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هیدبوونی ژینا ئه‌مینییه كه له تاران به بیانووی ره‌چاونه‌كردنی باڵاپۆشی، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی ئاداب/ره‌وشت رفێنرا و دواتر ئه‌شكه‌نجه درا و دوای سێ رۆژ له نه‌خۆشخانه گیانی له ده‌ست دا. سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌دا تێده‌په‌ڕێت و خه‌ڵك ویستیان ئه‌مڕۆ سه‌ردانی گۆڕستانی ئایچی بكه‌ن كه ژینای تێدا نێژراوه، به‌ڵام حكوومه‌ت رێگه‌ی نه‌دا و ناوچه‌كه‌ی له ترسی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر جۆره راپه‌ڕین و خۆپێشاندانێك، به ته‌واوی میلیتاریزه كردووه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردووه‌ته‌وه، كۆماری ئیسلامیی ئێران له رۆژانی رابردوودا جگه له‌وه‌ی كه ده‌ستیان به گرتنی چالاكانی سڤیل و ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تییه‌كان كردووه، له هه‌مان كاتدا هێزێكی زۆر براونه‌ته سه‌ر رێگه‌ی گۆڕستانی ئایچی و هێلیكۆپته‌ره‌كانیش به ئاسمانه‌وه ده‌فڕن و چاودێریی هه‌ر جۆره جووڵه‌یه‌كی نائاسایی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
بۆ نموونه رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو بڵاوی كرده‌وه، ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی سنه له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه به شێوه‌ی هاوئاهه‌نگ و ئامانجدار، پێوه‌ندی به چالاكانی ژنان كردووه و هه‌وڵی داوه به زیاتركردنی گوشار و هه‌ڕه‌شه‌كان پێش به هه‌ر چه‌شنه چالاكییه‌كیان بگرێت. ئه‌م پێوه‌ندییانه هه‌ڕه‌شه‌ئامێز بوون و ئامانجه‌كه‌ی دروستكردنی كه‌شی ترس و تۆقاندن بۆ سه‌ر چالاكانی ژنان بووه.
هه‌ر له ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا چه‌ندان چالاكی بواری ژنان له‌لایه‌ن ئیتڵاعاته‌وه بانگ كراون و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه.
به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاو كراونه‌ته‌وه، هێزێكی زۆر له ده‌وروبه‌ری گۆڕستانی ئایچیی سه‌قز بڵاوه‌یان پێ كراوه و رێگه به خه‌ڵك نادرێت به‌ره‌و گۆڕستان بڕۆن.
ژینا له 17ی ئه‌یلوول له گۆڕستانی ئایچیی سه‌قز به‌خاك سپێردرا و چه‌خماخه‌ی شۆڕش هه‌ر له میانه‌ی به‌خاكسپاردنی ژینا ئه‌مینی و ئه‌و دروشمانه لێ درا، كه له دژی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به‌رز كرانه‌وه. هه‌ر له گۆڕستانه‌وه خه‌ڵك ده‌ستیان به خۆپێشاندان كرد، له ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پاشان ته‌واوی ئێرانی ته‌نی و شۆڕشێكی گه‌وره هه‌ڵگیرسا. به‌هۆی ئه‌و شۆڕشه لانی كه‌م 600 كه‌س له ئێران به ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی ئێران كوژران و به هه‌زاران كه‌سیش بریندار بوون یان خرانه گرتووخانه‌وه.
هه‌ر له گۆڕستانه‌كه‌دا ژنان له‌چكه‌كانیان فڕێ دا و پیاوانیش پاڵپشتییان كرد. دروشمی رووخانی رژێمی ئێران به‌رز كرایه‌وه و بۆ رۆژی دواتر سنه‌ش چووه پاڵ خۆپێشانده‌ران و له ماوه‌ی كه‌متر له چوار رۆژدا، ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه.
خۆپێشاندانه‌كان دواتر بۆ شاره‌كانی تاران و شاره گه‌وره‌كانی ئێران په‌ره‌یان سه‌ند و رۆژ به رۆژ به‌رفراوانتر بوون. له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌وره‌ترین مانگرتن له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوو كه مێژوو به خۆیه‌وه نه‌بینیوه.