بارەگای بارزانی: بە زووترین كات تاوانبارانی كوشتنی ئەكبەر حاجی رۆستەم بدۆزنەوە

:: PM:06:36:23/09/2025 ‌
بارەگای بارزانی پەیامێكی لەبارەی كوشتنی ئەكبەر حاجی رۆستەم بڵاو كردەوە و داوا دەكات دەزگا تەناهییەكان بكەری ئەو تاوانە ئاشكرا بكەن. 

لە پەیامەكەی بارەگای بارزانی هاتووە، بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی شەهیدكردنی فەرماندەی پێشمەرگە و كەسایەتیی خەباتگێڕ ئەكبەر حاجی ڕۆستەممان پێ گەیشت كە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەری ناسراوی دەڤەری گەرمیان و جێی ڕێزی خەڵكی كوردستان بوو و لەدەست دانی خەسارەت و كەلێنێكی گەورەیە.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە پێویستە بە زووترین كات داودەزگاكانی دەڤەری گەرمیان تاوانباران بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسا بكەن و بە سزای تاوانی خۆیان بگەیێنرێن.

" بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو ئەكبەر حاجی ڕۆستەم و خەڵكی گەرمیان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. لە خودای گەورە داواكارین ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت" لە پەیامەكەدا وا نووسراوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئەكبەر حاجی رۆستەم كەسایەتی دیاری گەرمیان لەسەر زەوییەكی خۆی كوژرا، بەڵام هێشتا بكەرانی ئەو تاوانە نەگیراون. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم