وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوێت رای گه‌یاند، هێزه‌كانی گومرگی وڵاته‌كه توانیویانه له ئۆپراسیۆنێكدا، ده‌ست به‌سه‌ر بارێكی گه‌وره‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ردا بگرن كه له جۆری كپتاگۆن بووه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ماده هۆشبه‌ره لبنان بووه و ده‌زگاكانی پۆلیس و هه‌واڵگریی كوێت، به‌م كانتینه‌ره‌یان زانیوه كه له لبنانه‌وه تابلۆی شووشه‌ی بۆ كوێت ده‌گواسته‌وه.
دوای لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وتووه چوارچێوه‌ی ئه‌و تابلۆیانه، پڕ كراوه له ماده‌ی هۆشبه‌ر و دوو ملیۆن حه‌بیان تێدا شاراوه‌ته‌وه.
هه‌وڵ دراوه ئه‌و ماده هۆشبه‌ره بۆ كوێت بگوازنه‌وه، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی له‌م هه‌نگاوه‌یاندا سه‌ركه‌وتوو بن، پۆلیس سه‌رجه‌م قاچاخچییه‌كانیشی گرتووه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوێت ئاماژه‌ی داوه، پۆلیسی گومرگ له به‌نده‌ری شویخ، به هاوكاریی فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانی پارێزگای حولی و هاوئاهه‌نگیی فه‌رمانگه‌ی گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌ی گومرگی، ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه.
قه‌باره‌ی ئه‌و ماده هۆشبه‌ره‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، 364 كیلۆگرام كپتاگۆن بووه كه ده‌كاته دوو ملیۆن حه‌ب، به‌های ئه‌و ماده هۆشبه‌ره به دیناری كوێتی پێنج ملیۆن و 500 هه‌زار دینار و به دۆلار 18 ملیۆن دۆلاره.