نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆچی دوایی یەكەم سكرتێری شیوعی: هاوخەباتێكی دڵسۆزی پێشمەرگە بوو

:: PM:09:23:02/10/2025 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تشرینی یەكەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پرسەنامەیەكدا هاوخەمیی خۆی بۆ كۆچی دواییی (عومەر عەلی شێخ) ناسراو بە هاوڕێ ئەبوو فارووق، یەكەم سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان، دەربڕی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ماڵبات و كەسوكاری كۆچكردوو و سەركردایەتی و جەماوەری حزبی شیوعیی كوردستان كرد و ڕای گەیاند: هاوسۆز و هاوخەمیانم و هیواخوازم خوای مەزن گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات.

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژەی بە خەباتی هاوڕێ ئەبوو فارووق كرد و گوتی: تەمەنێكی درێژی لە خەبات و تێكۆشان لەپێناو ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و دیكتاتۆریدا بەسەر برد و هاوخەباتێكی دڵسۆزی پێشمەرگە و هێزە كوردستانییەكان بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییدا ڕایگەیاند: "یادی هەمیشە بە خێر بێت."


وشە - پۆڵا مەحموود