سزای سێداره‌ی حوكمدراوێكی كورد به‌ناوی تالیب هیجره‌تی پوور، له‌لایه‌ن ده‌زگای دادی كۆماری ئیسلامیی ئێران جێبه‌جێ كرا.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئه‌و كه‌سه‌ی له سێداره دراوه، خه‌ڵكی مه‌ریوانه و ته‌مه‌ن 40 ساڵه. تالیب 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گیرابوو و حوكمی له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو.
ئه‌م هه‌واڵه له‌كاتێكدا بڵاو ده‌كرێته‌وه كه پێرێ شه‌موو حوكمی له سێداره‌دانی حه‌وت گیراوی سیاسیی له سنه و خووزستان جێبه‌جێ كرا. له‌و حه‌وت كه‌سه‌ی له سێداره درابوون، شه‌شیان به ''تیرۆریستی جوداخواز'' ناو برابوون.
جێی باسه به‌پێی دوای ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا كۆتایی ئه‌یلوول، له ئێران هه‌زار و 42 كه‌س له سێداره دراون كه 171 كه‌س له‌وانه، ته‌نیا له مانگی رابردوودا له سێداره دراون و ته‌نیا له له‌سێداره‌دراوانی مانگی رابردوو 18 كه‌سیان كورد بوون.
ئێران له‌و وڵاتانه‌یه كه ئاماری له‌سێداره‌دان تێیدا به‌رزه و له‌و حاڵه‌تانه‌ی له سێداره‌دانیش، كورد پشكی شێری پێ بڕاوه و كه‌م رۆژ هه‌یه له گرتووخانه‌ی شارێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه‌سێك له سێداره نه‌درێت.