توركیا.. لە هەڵمەتێك دژی مادەی هۆشبەر ژمارەیەك ئەستێرە دەگیرێن

:: AM:09:59:09/10/2025 ‌
دوای ئەوەی گومان هەبوو ژمارەیەك ئەستێرەی تورك لە ئەكتەر و گۆرانیبێژ و موزیكوانان، مادەی هۆشبەر بەكار دێنن، بۆیە دەسەڵاتی توركیا هەڵمەتێكی بەڕێوە برد و تێیدا ژمارەیەك ئەستێرەی ناوداری ئەو وڵاتە گیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، لایەنی پێوەندیدار لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی توركیا، هەڵمەتێكیان لە دژی مادەی هۆشبەر دەست پێ كرد، بەتایبەت هونەرمەندە ناودارەكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، گومان هەیە ئەوان مادەی هۆشبەر بەكار بێنن یان بازرگانیی پێوە بكەن، ئێستە ژمارەیەكیان گیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

باس لەوە دەكرێ ئەوانەی لەناو هونەرمەندانی توركیا گیراون، ژمارەیان دەگاتە 20 ئەستێرەی ناودار لە گۆرانیبێژ و ئەكتەر و موزیكوان، دوای لێكۆڵینەوەی ورد لەگەڵیان، دادگای گشتیی ئیستانبوڵ بڕیاری كۆتایی لەبارەیانەوە دەدات. چونكە تا ئێستە هیچ یەكێك لەو ئەستێرانە، تۆمەتەكەی لەسەر نەسەپێنراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، هەڵمەتەكە تەنیا ئەوانەی نەگرتووەتەوە كە مادەی هۆشبەر بەكار دێنن، بەڵكو لێكۆڵینەوە لە دابەشكردنی مادەكە لەناو هونەرمەندان دەكرێت، بەو واتایەی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر لە ناوەندی ناودارەكان دەگرێتەوە. لێكۆڵینەوە بەردەوامە و تا ئێستە بە فەرمی هیچ یەكێك لە ئەستێرەكان تۆمەتەی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.

دواتریش پێگەكە ناوی هەندێك لەو ئەستێرانەی ئاشكرا كردووە كە بریتین لە دیلان پۆڵات، ئیرەم دیریجی، هادیسە، دیمیت ئیفغار، تاركان ئۆزدەمیر، سیرینای ساریكایا، موراد بوز، بیرەك ئۆكتای و ئیجە سەجكن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د