ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی تەقینەوەی تانكییەكی سووتەمەنییەوە لە گەڕەكی زانکۆی ناوەندی شاری سلێمانی، كرێكارێكی ئێرانی گیانی لەدەست دا و یەكێكی تریش بریندار بوو.
پەیامنێری "وشە" ڕای گەیاند، دوو كرێكارەكە خەریكی كاری (ئایزۆگام) بوون كاتێك بەهۆی گڕگرتنی مادەی گڕگرتوو لە نزیك تانكییەكی سووتەمەنییەوە، تەقینەوەكە دەستبەجێ ڕووی داوە.
تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و توانیویانە ئاگرەكە بكوژێننەوە. بریندارەكە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمی گیانلەدەستدراوەكەش ڕەوانەی پزیشكی دادیی سلێمانی كراوە.
بەپێی زانیارییەكان، لێكۆڵینەوەكان بۆ زانینی هۆكار و وردەكاریی ڕاستەقینەی ڕووداوەكە بەردەوامن.