دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا حاڵەتێكی ساختەكردنیان ئاشكرا كرد، پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ لە شاری فیچنزا ماوەی 50 ساڵە خۆی وەك كوێر پێشان داوە و توانیویەتی لەو ماوەیەدا بە بڕی زیاتر لە ملیۆنێك یۆرۆ، 1.160 ملیۆن دۆلار، یارمەتیی كۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینی بەدەست بێنێت.
لە
لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە ئەو كەسە بەر لە 50 ساڵ بەهۆی رووداوێكەوە خۆی وا پێشان داوە تووشی كوێریی تەواوەتی بووە، لەو ساتەوە بە بەردەوام لە لایەن دەڵەتەوە یارمەتی دارایی وەرگرتووە، كەچی لە لێكۆڵینەوەیەكی ئاسایی پۆلیسی تایبەت بە یارمەتییەكان گومانی لەسەر دروست بوو بەهۆی بوونی چەند شتێكی دژبەیەك لە دۆسیەكەی.
بۆیە پۆلیس بڕیاری داوە بە نهێنی چاودێریی ئەو كەسە بكەن، ماوەی دوو مانگ چاودێرییان كرد و وێنەی لە چەند حاڵەتێك گیرا كە چەند چالاكییەك ئەنجام دەدات كەسی كوێر ناتوانێت ئەنجامیان بدات، وەك بەكارهێنانی ئامرازی تیژ و رۆیشتن بە تەنیا لە شەقامەكانی ئەو شارە و سەیركردنی میوە و سەوزە بەر لە كڕینی و دانی پارەكەی بێ یارمەتی خەڵكی تر.
وەك ماڵپەڕی "ئۆدیتی سنترال"، باسی كردووە، بەڵگەكان دەریان خست كە ئەو كەسە بینینی ئاساییە، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا تۆمەتی ساختەكاری و فێڵبازییان دایە پاڵ و تەواوی یارمەتییەكانی لەسەر وەستا، كە رەنگە بەو تۆمەتە بگیرێت و پابەندی گەڕاندنەوەی ئەو پارە بكرێت كە بە نایاسایی وەری گرتووە.