یاریی كوشندە: منداڵێكی 13 ساڵان هاوپۆلەكەی كوشت و جەستەی پارچە پارچە كرد

:: AM:10:52:17/10/2025 ‌
دەزگا تەناهییەكانی میسر نهێنیی تاوانێكی قورسیان ئاشكرا كرد، دوای دۆزینەوەی تەرمی منداڵێك كە پارچە پارچە كرابوو لە شاری ئیسماعیلییە. دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە بكوژی تاوانەكە هاوپۆلی قوتابییە كوژراوەكە بووە.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، منداڵە تۆمەتبارەكە كە تەمەنی 13 ساڵە، هاوپۆلەكەی خۆی هەڵخەڵەتاندووە و بردوویەتی بۆ ماڵی خۆیان. لەوێ دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروست بووە و تۆمەتبارەكە بە دارێك لە سەری هاوپۆلەكەی داوە تا گیانی لەدەست داوە.

لە شۆكێكی گەورەدا، تۆمەتبارەكە لەبەردەم لێكۆڵەراندا دانی بەوەدا ناوە كە شێوازی كوشتنەكەی لە یەكێك لە یارییە ئەلیكترۆنییەكانی سەر ئینتەرنێتەوە فێر بووە و ویستوویەتی لاساییی بكاتەوە. هەر بۆیە، بە ئامێرێكی تیژ تەرمی هاوپۆلەكەی پارچە پارچە كردووە و دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەكەی، پارچەكانی لە نزیك لقی "کارفۆر" فڕێ داوە.

دوای لێكۆڵینەوەی ورد، هێزە تەناهییەكان توانییان لە ماوەیەكی پێوانەییدا ناسنامەی تۆمەتبارەكە ئاشكرا بكەن و بیگرن. داواكاری گشتی بڕیاری داوە تۆمەتبارەكە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەند بكرێت و هاوكات داوای كردووە بچێتەوە شوێنی ڕووداوەكە بۆ ئەوەی نواندنی تاوانەكە بكات.

ئەم ڕووداوە  پرسیاری گەورەی لەسەر كاریگەریی ناوەڕۆكە دیجیتاڵییە توندوتیژەكان لەسەر منداڵان دروست كردووە و دووپات لەسەر پێویستیی چاودێریكردنی ئەو یاری و پلاتفۆرمانە دەكاتەوە كە بە ئاسانی دەگەنە دەستی منداڵان.


وشە - پۆڵا مەحموود