روونكردنەوەیەك لە پۆلیسی هەولێرەوە

:: AM:11:01:27/10/2025 ‌
ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە لەبارەی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردوو بڵاو كرایەوە و دەڵێت، رووداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆنی نێوانیان بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تشرینی یەكەم، لە روونكردنەوەیەكی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە رووداوێكی كوشتن لە ناوبازاڕی شاری هەولێر ئاگادار كراینەوە، دەستبەجێ تیمەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد.

ئاماژە بەوەش كراوە، پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد و بەدواداچوونێكی چڕ، دەركەوت لەسەر كێشەیەكی كۆنی نێوانیان كە بكوژ ددانی پێدا ناوە، گوایە كەسی كوژراو مۆبایلی بكوژی هاك كردووە و كۆمەڵێك وێنەی بردووە، بۆیە شەوی ڕابردوو بكوژ بە ناوی (ی. ھ. ح) بە چەكێكی جۆری دەمانچە هاوڕێكەی بە ناوی (ی. د. ع) دەكوژێت.

پۆلیس دەڵێت، تیمەكانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بكوژیان گرت و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامە.


وشە - رامیار جەواد