بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە كە توانیویانە پێنج تۆمەتبار بگرن كە سێ تاوانی كوشتیان ئەنجامداوە.
ئاسایش بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سێ كات و شوێنی جیاواز چەند ڕووداوێكی كوشتن لە شاری هەولێر و دەوروبەری ڕوویاندا، لەسەر ئەم بابەتە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەست بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون كرا، دوای وەر گرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای هەولێر پێنج تۆمەتبار گیران.
تۆمەتباران (ع ، ع ، ع) و (ع ، ع ، ع) كاری شوفێری دەكەن لە نێوان هێڵی (بەغداد/هەولێر) لەسەر كاركردن كێشە لە نێوان چەند شوفێرێك و تۆمەتباران دروست بووە لە نزیك بازگەی شێراوە، سەر ئەنجام بووەتە هۆی كوژرانی هاووڵاتییەك بەناوی مۆید عبدوڵا كە وەك ناوبژیوان لە ناو كێشەكەدا بووە، سەرجەم ئەو دەنگۆیان دوورن لە ڕاستیەوە كە لە چەند ڕاگەیاندن و میدیایەكی عەرەبی بڵاو كرایەوە.
هاوكات تۆمەتبار ( أ ، هـ ، ح) لە ڕێكەوتی 27ی ئەم مانگەدا لە بازاڕی كۆتری سەلام لەشاری هەولێر لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەڵساوە بە كوشتنی هاووڵاتیی (یوسف دەهلەوی) كە پێشتر هاوڕێی یەكتر بوونە.
تۆمەتباران ( ج ، م ، م) و( م ، م ، م) كە خەڵكی وڵاتی سووریان، لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاووڵاتییەكی تری خەڵكی سووریا بەناوی (شاهین حسین) كێشە لە نێوانیان دروست بوە و كوژراوە.