ژمارەی کوژروانی غەزە گەیشتە 68 هەزار و 858 کەس

:: PM:04:17:01/11/2025 ‌
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاوی کردەوە ژمارەی کوژراوانی فەلستینی لە غەزە لەوەتەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە تا ئێستە گەیشتووەتە 68 هەزار و 858 کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 170 هەزار و 664 کەس.

وەزارەتەکە دەڵێت تەنیا لە 48 سەعاتی رابردوودا 22 کەسی تر بە ژمارەی کوژروان زیادی کردووە کە لەوانە پێنجیان تازە کوژراون و 17ی تریش پێشتر کوژراون بەڵام تازە توانیویانە تەرمەکانیان بدۆزنەوە.

پێشبینی دەکرێ ژمارەی قوربانییانی غەزە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زۆر زیاتر بێت چونکە بە وردی دیار نییە چ ژمارەیەک تەرم لەژێر دار و پەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.

لەوەتەی کۆتاییهاتنی جەنگ و راگەیاندنی رێککەوتنی ئاشتییەوە تا ئێستە کە هێشتا نەبووەتە مانگێک 226 کەسی تر لە دانیشتووانی غەزە کوژراون و 594 کەس بریندار بوون و هەر لەو ماوەیەدا499 تەرمی نوێیان دۆزیوەتەوە.

پێویستە بگوترێ دوێنێ ئیسرائیلیش 30 تەرمی فەلەستینی رادەست کرد و ژمارەی ئەو تەرمانەی رادەست کراونەتەوە گەیشتووەتە 225 کەس.

شەڕەکە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس دەستی پێ کرد کە لە ماوەی چەند سەعاتێکدا هەزار و 200 ئیسرائیلی کوشت و 250 کەسی تری رفاند و ئیسرائیل لە وەڵامدا لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی کردە سەر غەزە و ئەو کارەساتە گەورە مرۆییەی هێنایە کایەوە.



وشە - سلێمان تاشان