بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئەمڕۆ بەهۆی مەلەكردنیان لە رووبارێك لە باكوری بەسرە، سێ برا خنكان، هاوكات لە باشووری ناسرییە تەرمی سێ برای كوژراو لەناو بەلەمێك دۆزرایەوە، كە لە دوێنێوە ون بوونە، لە رۆژهەڵاتی بەغداش تەرمی كچێكی كوژراو دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە سێ برا لە كاتی مەلەكردنیان بە رووباری بسمایە لە شارۆكەی هاریسە لە باكوری شاری بەسرە لە باشووری عێراق خنكان و بەر لە گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە ئەوان گیانیان لەدەست دابوو.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تری تەناهی ئاماژەی بۆ دۆزینەوەی تەرمی سێ برای كوژراو لە ناو بەلەمێك لە زۆنگاوی جەبایش لە باشووری شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقاڕ لە باشووری عێراق كرد، ئەوان لە دوێنێوە دیار نەماون و بۆ گەڕان بە دوای مەڕوماڵاتە دزراوەكانیان چووبوونە دەرەوە.
سەرچاوەیەكی تەناهیش ئاماژەی كرد كە بەیانیی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیس تەرمی كچێكی كوژراوی نەناسراویان لە گۆڕەپانێكی ناوچەی وەحدە لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیحسان لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا دۆزیوەتەوە كە شوێنەواری گولەی بەسەر دیارە.
چەند سەرچاوەیەكی پزیشكیش ئاماژەیان بۆ گیانلەدەستدان و برینداربوونی 26 كەس كرد بەهۆی زنجیرەیەك رووداوی هاتوچۆ لە پێنج پارێزگای عێراق لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوو، لە بەغدا و دیالە و بابل و نەینەوا و زیقاڕ، كچەقوتابییەك و خانەنشینێك گیانیان لەدەست داوە و 24ی تر كە ژن و منداڵ و پیریان تیادایە بریندارن، لەوانە برینی حەوتیان سەختە.