ژنێك هاوسەرەكەی كوشت

:: PM:08:48:16/11/2025 ‌

تاوانێكی تری قێزەون میسر دەهەژێنێت، كاتێك لە پارێزگای ئەسكەندەرییە تاوانێكی كوشتن روو دەدات و ژنێك لەبەر چاوی منداڵەكانی بە چەقۆ هاوسەرەكەی دەكوژێت، لە لبنانیش لە تاوانێكی قێزەونتر باوكێك گیرا كە دەستدرێژیی سێكسی كردبووە سەر منداڵەكانی. 

شارەزایان پێیان وایە مادەی هۆشبەر و قورسایی بژێوی و بێكاری و هەژاری هۆكاری سەرەكیی تاوانەكانی ئێستەن، كە لە رێگەی توندوتیژییەكی بێ هۆكار و زیاد لە پێویست و لەسەر شتی ئاسایی بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە پەرە دەستێنن و قوربانیانیش توێژە لاواز و كەمدەسەڵاتەكانی كۆمەڵگەن.

وردەكاریی رووداوەكەی ئەسكەندەرییە لە شەڕێكی دووبارەبووەوەی ژن مێردێك دەست پێ دەكات، پیاوەكە تەمەنی 35 ساڵە و فیتەرە، لە ماڵەكەی لەگەڵ هاوسەرەكەی وەك هەموو جار دەبێتە دەمەقاڵێ و شەڕین، بەڵام ئەوجارەیان شەڕەكە بەرەو تاوان پەرەی سەند، كاتێك ژنەكە لەبەرچاوی سێ منداڵەكەی بە چەقۆ لە هاوسەرەكەی دەكات و هەر لەوێ گیان لەدەست دەدات.  

پیاوەكە ناوی محەمەد ئیبراهیمە و دووكانی فیتەری لە ناوچەكە هەیە و خەڵكی ناوچەكە تووشی سەرسڕمان بوونە بەهۆی تاوانەكەوە كە ئەو پیاوە كەسێكی باش بووە، خەڵكەكە بە دەنگی هاتوهاواری منداڵەكان چوونەتە ماڵەكە و لەوێ محەمەدیان بە كوژراوی بینیوە و هەواڵیان بە پۆلیس داوە و ژنەكە گیراوە.

لە لبنان هێزە تەناهییەكانی ئەو وڵاتە پیاوێكی لبنانی لەدایكبووی 1975 گرت، كە سكاڵای لەسەر تۆمار كرابوو بەوەی ساڵانێك دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر سێ كچ و كوڕێكی و قسەی نەشیاو و توندوتیژی بەرانبەریان بەكار هێناوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل