لە بەریتانیا مشتومڕ لەبارەی كەسێك بەردەوامە، ئەو 38 ساڵ زیندانی كراوە و تازە دەركەوتووە كە لەو تۆمەتەی ئاراستەی كراوە بێتاوانە، ئەو كەسە دەڵێت، پۆلیس فێڵیان لێی كردووە و بە لێدان ددانپێدانانیان بە ئەنجامدانی تاوانی كوشتن لێ وەرگرتووە كە ئەنجامی نەداوە، بۆیە ساڵانێك لە تەمەنی لەناو زیندان بەفیڕۆ چووە.
بەپێی رۆژنامەی
"دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی، ئەو كەسە ناوی پیتەر سۆلیفانە و بەم دواییە لە تەمەنی 68 ساڵی لە دوای 38 ساڵ لە گرتن ئازاد كراوە، لە یەكێك لە خراپترین حاڵەتەكانی جێبەجێكردنی دادوەری لە مێژووی بەریتانیا، ئەو دەڵێت، پۆلیس فێڵیان لێ كردم تا ددانم بە تاوانەكە دانا، پۆلیسی بەریتانی بە زەبری توندوتیژی جەستەیی ناچاری ددانپیادانانیان بە تاوانێك كردم كە ئەنجامم نەداوە.
بەپێی رۆژنامەكە ئێستە تاكە داواكاریی سۆلیفان ئەوەیە پۆلیسی بەریتانیا داوای لێبوردنی لێ بكات بەهۆی ئەو هەڵەی بەرانبەری كراوە و بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی نزیكەی چوار دەیەساڵ لە تەمەنی لە زیندان، كە بە تۆمەتی كوشتنی كچێك بەناوی دیان سینداڵ لە 1986 زیندانی كرابوو، دواتر لە بەڵگەی ترشی (دی ئێن ئەی) دەركەوت بكوژی ئەو كچە كەسێكی نەناسراوە، لە كاتی گەڕانەوەی سینداڵی تەمەنی 21 ساڵ لە شوێنی كاركردنی بۆ ماڵەوە لە میرسیساید دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەری و كوشتوویەتی.
دوای ئەوەی رووی دا، ئێستە سۆلیفان هەوڵی قەرەبووكردنەوەی و داوای لێبوردنی پۆلیسی میرسیساید بەهۆی زیندانیكردنی بە زۆر بۆ ماوەی نزیكەی 40 ساڵ دەكات، ئەو لە یەكەم لێدوانی دوای ئازادكردنی گوتی، ناتوانم بەرانبەر بەوەی لەگەڵ منیان كردووە لێیان خۆش بم و تا ماوم لەگەڵم دەمێنێت و بارگرانییەكەی تا بەدەستهێنانی داوای لێبوردن لەوەی بەسەریان هێنام لە لایەن هەموو ئەوانەی لەو كەیسە بەشدارن، لە ئەستۆ دەگرم، هەموو ئەوەی دەمەوێ لێبوردن و روونكردنەوەیە لە لایەن پۆلیسی میرسیساید و هەمووان، كە بۆچی وایان لێ كردم، ئازادیم لەدەست دا و لەو ماوەیە دایك و باوكم لەدەست دا.