پیاز خۆراكێكە زۆر سوودی بۆ تەندروستی هەیە و هی ئەوەیە بەردەوام لە چێشتخانەكەتان هەبێت، بۆیە پسپۆرانی بوار خۆراك وێڕای ئەوەی رۆشنایی دەخاتەسەر سوودەكانی، هاوكات ئاماژە بە زیانەكانیشی دەكەن كە لە هەندێك حاڵەتدا دەبێ لێی دوور بكەونەوە.
پێگەی "
ئەهرام"ی میسری، هەواڵەكەی لە "رووسیای ئەمڕۆ" وەرگرتووە و پسپۆرانی بواری خۆراك، بە وردی باس لە سوودەكانی پیاز بۆ تەندروستی دەكەن، هاوكات لە هەندێك حاڵەتدا ئامۆژگاری دەكەن لێی دوور بكەونەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو خۆراكە خواردنی زۆر گرنگە و لەوەیش زیاتر پێویستە بەردەوام لە چێشتخانەكانتان هەبێت و بە رێژەیەكی ئاسایی و مامناوەند، باشترە رۆژانە بخورێت.
لەبارەی سوودەكان دەڵێن بۆ بەرگریی جەستە سوودمەندە، هەروەها بە ڤیتامینی "سی" و فیتۆنسیدات دەوڵەمەندە "كە دژە بەكتریا و ڤایرۆس و كەڕووە"، هەروەها دژەئۆكسیدە و هاوكاریی جەستە بۆ نەهێشتنی پەتاكان دەكات بەتایبەتی لە وەرزی سەرمادا.
هەروەها باس لەوە دەكەن كە پیاز ئاستی شەكر لە خوێندا هاوسەنگ دەكات، ئاستی گلۆكۆز رێكدەخات كە ئەوە بۆ نەخۆشانی شەكرە زۆر بەسوودە. هاوكات تەندروستیی دڵ باشتر دەكات و رۆڵی هەیە بۆ دابەزینی كۆلیسترۆڵی خراپ و ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن هاوسەنگ دەكات، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی سوودی زۆری بۆ دڵ و دەمارەكان هەیە.
پیاز تایبەتمەندیی بۆ دژەئۆكسید و مادەی كیرسیتین لەخۆ دەگرێت، دژەئۆكسیدی بەهێز دژی هەوكردنە و شانەكان لە تێكچوون دەپارێزێت. هەروەها پیاز بۆ ئەركی هەرس زۆر بەسوودە.
باس لەوە دەكرێ كە پیاز چۆن بخورێ كە سوودەكانی زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەیش پسپۆران دەڵێن، پیاز بە كاڵی بخورێت سوودەكانی زۆر زیاتر دەبێت وەك لە سووركردنەوە یان كوڵان، بۆ نموونە بكرێتە ناو زەڵاتە، زۆرجاریش ئەگەر لەگەڵ هەنگویندا بخورێت، دەبێتە چارەسەر بۆ پەتای سەرما. جیا لەوەی بە سووركردنەوە و كوڵانیش هەر سوودی دەبێت، بەتایبەتی بۆ ناو نیسك یان گۆشت و شۆربا بەشێوەیەكی گشتی.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاری دەكەن كە لە هەندێك حاڵەتدا پێویستە خۆتان لە خواردنی پیاز دوور بخەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی كێشەی گەدەیان هەیە، لەو كاتەدا گەدە بە خواردنی پیاز زیاتر تووشی هەوكردن دەبێت یان بریندار دەبێت. هاوكات هەندێك هەن بە پیاز هەستەوەرییان دەبێت، بۆیە پێویستە لێ دوور بكەونەوە. دواتریش پیاز چونكە بۆنێكی تیژی هەیە زۆرجاریش بێزاركەرە، پێویستە لە بۆنە و كۆبوونەوە گشتییەكان نەخورێت تا نەبێتە هۆی بێزاریی كەسانی تر.