توركیا.. لە هەڵمەتی نەهێشتنی هۆشبەردا ژمارەیەك بێژەری ناودار گیراون

:: AM:09:49:06/12/2025 ‌
لە میانەی ئەو هەڵمەتەی دەسەڵاتی توركیا لەبارەی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر ماوەیەكە رای گەیاندووە، پێشتر بڵاو كرایەوە كە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی ئەو وڵاتە گیراون. دوێنێش ناوی ژمارەیەك بێژەری ناوداری كەناڵەكان بەهەمانشێوە گیراون و لێكۆڵینەوەی رژدیان لەگەڵ دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" لە میدیاكانی توركیا و بەتایبەتی لە رۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی توركی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، لەو هەڵمەتەی دەسەڵاتی تایبەتمەندیی توركیا بۆ گرتنی ئەوانەی مادەی هۆشبەر بەكار دێنن، ماوەیەكە دەستی پێ كردووە و ژمارەیەك هونەرمەندی ناوداری ئەو وڵاتە گیراون، هاوكات دوێنێش سێ بێژەی ناوداری كەناڵە میدیاییەكان بەهەمان تۆمەت، دەستبەسەر كراون و ئێستە لە گرتووخانەدان و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

رۆژنامە توركییەكە ناوی ئەو سێ بێژەرە ناودارەی بڵاو كردووەتەوە كە بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر گیراون، ئەوانیش بریتین لە ئیلا رۆمیسا لە كەناڵی " شۆ تیڤی"، هەورەها هاندا ساریاوغڵو و میلتەم ئەسیت لە كەناڵی "بەیاز تیڤی". دووپات كراوەتەوە كە ژمارەیەكی تریش لە كارمەندانی بواری راگەیاندن، ناویان لەو لیستەدایە كە بەهەمان تۆمەت گیراون. 

لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، ئەو هەڵمەتە بۆ گرتنی بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە توركیا دەستی پێ كردووە و ژمارەیەك كەسایەتیی ناوداری بواری هونەر و راگەیاندن گرتووەتەوە و لێكۆڵینەوەی رژدیان لەگەڵدا دەكرێت، لە هەڵمەتەكەدا ژمارەیەك هونەرمەند لە بوارەكانی موزیك و گۆرانی و نواندن و راگەیاندن، گیراون و رووبەڕووی دادگا كراون.

هاوكات رۆژنامە توركییە ناوی ژمارەیەك لەو هونەرمەندانەی بڵاو كردووەتەوە كە بەهەمان تۆمەت گیراون، لە ناویاندا دیلان پۆلات، دیرین تالو، بەبراك توزوناتاچ، بێرجی ئاكالای و ژمارەیەكی تریش لەو هونەرمەندان. هەڵمەتەكە تا ئێستەیش بەردەوامیی هەیە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د