ئوسترالیا بوو به یه‌كه‌م وڵاتی دنیا كه بڕیاری دا، به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 16 ساڵ قه‌ده‌غه بكات.
له شه‌وی رابردووه‌وه 10 پلاتفۆرمی سه‌ره‌كیی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان راسپێردراون، ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی منداڵان و مێرمنداڵانی خوار ته‌مه‌ن 16 ساڵ به تۆڕه‌كان رابگرن، ئه‌گه‌ر ئه‌و پلاتفۆرمانه بڕیاره‌كه جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، ئه‌وا به قه‌باره‌ی 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالیا سزا ده‌درێن كه ده‌كاته 33 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكا.
یاسای نوێی ئوسترالیا، ناڕه‌زایه‌تیی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری ته‌كنه‌لۆجیا و رێكخراوه‌كانی به‌رگریی له رای ئازادی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی خێزانه‌كان و چالاكانی مافی مرۆڤ پێشوازییان له بڕیاره‌كه كردووه.
په‌ره‌سه‌ندنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌كارهێنانیان له‌لایه‌ن منداڵان له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا، نیگه‌رانی به‌دواوه بووه ، بۆیه‌ش چه‌ندان وڵاتی تر چاودێریی دۆخی ئوسترالیا و جێبه‌جێكردنی یاساكه ده‌كه‌ن و ده‌خوازن له داهاتوودا ئه‌وانیش هه‌مان هه‌نگاو بگرنه‌به‌ر.
ئه‌نتۆنی ئالبانزی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیا له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا كه بڕیاره له ته‌واوی قوتابخانه‌كانی وڵاته‌كه‌ش بڵاو بكرێته‌وه، ئامانج له ده‌ركردنی ئه‌و یاسا نوێیه‌ی بۆ پاراستنی منداڵانی وڵات و كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشاره زانیارییه‌كانی ده‌نگ و وێنه بۆ سه‌ر مێشك و ده‌روونی منداڵان هه‌ژمار كردووه.
ئه‌و له به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌یدا رووی قسه‌ی له منداڵان كردووه و گوتوویه‌تی، به باشترین شێوه سوود له پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ وه‌ربگرن و له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ی مۆبایل و ئایپاده‌كانتان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز به وێنه‌كان بكه‌ن، خۆتان ده‌ست به وه‌رزشێكی نوێ بكه‌ن، ئامێرێكی موزیك فێر ببن، یان ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی كتێب بكه‌ن، له هه‌مووی گرنگتر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانتان و هاوڕێكانتان كات به‌سه‌ر به‌رن.
ده‌ستپێكردنی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسا نوێیه له ئوسترالیا كۆتایی به هه‌موو ئه‌و مشتومڕانه هێنا كه ساڵێك بوو ئه‌و وڵاته‌ی به خۆیه‌وه خه‌ریك كردبوو. هه‌نگاوه‌كه ئه‌زموونێكی زۆر باشه بۆ ته‌واوی وڵاتانی تری دنیا بۆ ئه‌وه‌ی چاودێریی دۆخه‌كه بكه‌ن و ئه‌گه‌ر له ئوسترالیا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا ئه‌وانیش ره‌چاوی بكه‌ن.
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له پێناو ده‌ستخستنی پاره و ئه‌و ركابه‌رییه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یانه، هانایان بۆ هه‌موو جۆره رێكارێك بردووه كه به‌شێكیان زیانبه‌خشن بۆ منداڵان و به خراپ سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت.
یاسای نوێی ئوسترالیا له قۆناغی یه‌كه‌مدا ته‌نیا 10 پلاتفۆرمی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت و حكوومه‌تی ئوسترالیا چاودێریی دۆخه‌كه ده‌كات، بزانێت هه‌ر پلاتفۆرمێكی تر خه‌ریكه خه‌ڵك رووی تێده‌كه‌ن ده‌یخاته لیسته‌كه‌وه.
له‌و 10 پلاتفۆرمه جگه له ئێكس، سه‌رجه‌میان ئه‌وه‌یان قبووڵ كردووه بۆ ناسینه‌وه‌ی به‌كاربه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌یان، هه‌ندێك رێوشوێن بگرنه‌به‌ر و ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئه‌وا داوای كارتی نیشتمانی و هه‌ندێك زانیاری بانكییان لێ بكات.
هه‌رچه‌نده به‌شێك له كۆمپانیاكان له كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتیان به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته نوێیه نیگه‌رانن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا زۆرینه‌یان پێیان وایه له‌و گرووپه‌ی به‌كارهێنانی ئێنته‌رنێتیان لێ قه‌ده‌غه كرابوو، ئه‌وا پێشتریش داهاتێكی زۆریان لێی ده‌سته‌به‌ر نه‌ده‌كرد و ته‌نیا له‌وه نیگه‌رانن به گشتی قه‌باره‌ی به‌كاربه‌ره‌كانیان له ئوسترالیا كه‌م بكاته‌وه.
به‌پێی ئامارێك كه ئوسترالیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، پێش جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه 86% له منداڵانی هه‌شت تا 15 ساڵی ئوسترالیا، ئه‌ندامی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوون.
پێویسته ئاماژه به‌و راستییه بكرێت تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان مه‌ترسیدارن بۆ سه‌ر بیر و مێشكی گه‌وره‌كان، ئه‌گه‌ر نه‌توانن به پلان و به‌گوێره‌ی پێویست سوودی لێ وه‌ربگرن، چ بگات به‌وه‌ی منداڵان ئه‌و تۆڕانه به‌كار بهێنن.
به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتان كه له هه‌ندێكیاندا رێوشوێن گیراوه‌ته‌به‌ر، له كوردستان هیچ شتێك نییه رێگریی له به‌كارهێنانی منداڵان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكات، به‌داخه‌وه گوشاری پێویستیش بۆ چۆنیه‌تیی به‌كارهێنان بڵاو ناكرێته‌وه و دایكان و باوكان ده‌بێت خۆیان به‌رانبه‌ر منداڵه‌كانیان زۆر به‌رپرسیارانه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و له مه‌ترسییه‌كانی دنیای نوێ تێبگه‌ن.