پزیشكی دادی ئێران هۆكاری مردنی پارێزه‌رێكی پارێزگای خوراسانی به هۆكاری جه‌ڵته راگه‌یاندووه، به‌ڵام گومان ده‌كرێت له‌ناو برابێت، بۆیه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆری پارێزه‌ر بڕیاریان داوه لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه بكه‌ن.
نێرگز محه‌مه‌دی چالاكیی مافی مرۆڤ و براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیی رای گه‌یاند، 82 پارێزه‌ری ئێران ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه به‌دوای هۆكاری مردنی خوسره‌و عه‌لی كوردیدا بگه‌ڕێن و به وردی لێی بكۆڵنه‌وه و بۆ رای گشتی ئاشكرا بكه‌ن.
ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌یان له ئه‌ستۆی خۆیان گرتووه، له لیستێكدا بڵاو كراوه‌ته‌وه و براوه‌كه‌ی نۆبڵی ئاشتی هه‌نگاوه‌كه‌یانی به‌رز نرخاندووه.
سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه هه‌واڵی مه‌رگی خوسره‌و عه‌لی كوردی پارێزه‌ری به‌ناوبانگی ئێران به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵ، گومانی ئه‌وه‌ی هێنایه كایه‌وه كوژرابێت و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانی ئێرانی له پشته‌وه بێت.
هه‌ریه‌ك له پزیشكی داد و به‌رپرسانی باڵای پارێزگای خوراسانی ره‌زه‌وی، هۆكاری مردنی ئه‌و پارێزه‌ره‌یان بۆ جه‌ڵته‌ی دڵ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
خوسره‌و عه‌لی كوردی، یه‌كێك بووه له‌و پارێزه‌رانه‌ی زیاتر پارێزه‌رایه‌تیی بۆ ئه‌و كه‌سانه كردووه كه دۆسیه‌كه‌یان سیاسی بووه و حكوومه‌ت به دژه‌شۆڕش تۆمه‌تباری كردبوون.
ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش كاری بۆ ئه‌و زیندانییه سیاسییانه ده‌كرد، توانی ژماره‌یه‌كیان له گرتووخانه رزگار بكات و رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ری له پیشه‌كه‌یدا هه‌بووه.
سینا یوسفی كه كه‌سێكی پارێزه‌ره رای گه‌یاند، بۆیه گومانیان هه‌یه خوسره‌و له‌ناو برابێت، چونكه دوای مردنه‌كه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و ئیتڵاعات ته‌واوی كامێراكانی چاودێرییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردووه.
خوسره‌و عه‌لی كوردی خه‌ڵكی سه‌بزه‌واری خوراسانه و ره‌چه‌ڵه‌كی كورده، له‌و كوردانه‌یه كه سه‌تان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له خاكی كوردستانه‌وه بۆ خوراسان گواسترابوونه‌وه.
پێشتر مه‌رزیه موحیبی پارێزه‌ر له په‌یجی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نووسیویه‌تی، خوسره‌و عه‌لی كوردی له نووسینگه‌كه‌ی خۆی دوای لێدان گیانی سپاردووه، بۆیه‌ش ئیتڵاعات ته‌واوی كامێراكانی له‌ناو بردووه و نه‌یهێشتووه بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌ستیان پێ بگات.
جه‌واد عه‌لی كوردی برای خوسره‌و له كاتی به‌خاكسپاردنی براكه‌ی گوتی، باوكی له شه‌ڕی هه‌شت ساڵه گیانی سپاردووه و هه‌ر له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ براكه‌ی له سۆزی باوك بێبه‌ش بوون، به چه‌رمه‌سه‌ری و كوله‌مه‌رگی خوێندنیان ته‌واو كردووه.
جه‌واد كه خۆیشی حوكمی دادگای له‌سه‌ره و به كه‌فاله‌ت ئازاد كراوه، هیوای خواست دادگای شۆڕش حوكمی برای كۆچكردووی له‌باره‌ی گرتن و دوورخستنه‌وه و قه‌ده‌غه‌ی گه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات په‌سند بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له دنیایه‌كی تر كاتێك ده‌چێته لای باوكی سه‌ری شۆڕ نه‌بێت.
جێی باسه هێزه‌كانی ده‌زگا ئیتڵاعاتییه‌كانی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌یان له كه‌سانی نزیك له بنه‌ماڵه‌ی عه‌لی كوردی كردووه كه له میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌ره به‌و تۆمه‌ت و ده‌نگۆیانه نه‌ده‌ن.