مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵی کورد بە ناوی ژیوار ڕەحمانی، خەڵکی پاوە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بە سەختی بریندار بوو و دۆخی جەستەیی ئەو مێرمنداڵە ناجێگیرە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئۆتۆمبێلی ئەم مێرمنداڵە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزەکانی ئێران لە بنکەی ''ملاندەر''ی پاوەوە کراوەتە ئامانج.
ئەو مێرمنداڵە خەڵکی گوندی ''نەیسانە''ی سەر بە پاوەیە و دوای بەرکەوتنی فیشەک بە کەمەر و ملی زیان بە بڕبڕەی پشتی گەیشتووە و لەبەر سەختیی برینەکانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و دۆخی جەستەیی زۆر ناجێگیرە.
پزیشکەکان ڕایان گەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندان نەشتەرگەری بۆ دەکرێت هەرچەندە نەشتەرگەرییەکانیش مەترسیی زۆریان بۆ مێرمنداڵەکە هەیە.
بەهۆی دەستڕێژی فیشەک و تەقەی هێزەکانی ئێران، 18 فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکە و شەش فیشەکیش بەر جەستەی ئەم مێردمنداڵە کەوتوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی داوە هێزەکانی ئێران بە گومانی ئەوەی ناوبراو پاسەوانی باری قاچاخ بووە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە لە کاتێکدایە ئۆتۆمبێلەکەی ژیوار لە شوێنی ڕێگەپێدراو وەستابوو.
ئێران بە بیانووی کۆڵبەری و قاچاغ و دەیان بیانووی تر رۆژانە تەقە لە کاسبکارانی کورد دەکات و بەداخەوە ژمارەیەکیان بە سەختی بریندار دەبن و هەندێک جار گیانلەدەستدانی لێ کەوتووەتەوە.