ئەنجوومەنی ئاسایش تەنگی بە بازرگان و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر هەڵچنی

:: PM:06:44:24/12/2025 ‌
دامەزراوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەیان كەس بە تۆمەتی فرۆشتنی مادەهۆشبەرەكان كە ژمارەیەكیان بازرگانی بیانی و نێودەوڵەتین و دەیان كەسی تریش بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەهۆشبەرەكان گرت و دەست بەسەر بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا دەگرن.

لە راگەیەنراوێكدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند،لە هەوڵە بەردەوامەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەپێناو سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست.لە ڕێكەوتی 1ـی حوزەیرانی 2025 تا 23ـی كانوونی یەكەمی 2025، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش بە هاوكاری و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر، توانرا دەیان كەس بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەكان كە ژمارەیەكیان بازرگانی بیانی و نێودەوڵەتین و دەیان كەسی دیكەش بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان بگیرێن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە سەرجەم تۆمەتبارانی گیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كراون.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وردەكاریی بڕەكان كە لەلایەن ئەفسەرەكەوە بڵاو كردووەتەوە كە بەم شێوەی خوارەوەیە:

167 كیلۆ و 157 گرام مادەی ماریجوانا.

193 كیلۆ و 681 گرام مادەی كریستاڵ.

56 كیلۆ و 627 گرام مادەی هیرۆین.

25 كیلۆ و 301 گرام مادەی حەشیش.

14 كیلۆ و 450 گرام مادەی تلیاك.

13 كیلۆ و 668 گرام مادەی كۆكاین.

201 كیلۆ و 180 گرام حەبی هۆشبەری جۆری كاپتاگۆن (كە لەناو قوماش حەشار درابوو).

6000 دانە دەرزی هۆشبەر لە جۆری ئیفیدرێن.

3253 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم