بەپێی ئەو بەیاننامانەی لە یەكێتیی جیهانی بۆ نەهێشتنی مادەی هۆشبەر بڵاو كراونەتەوە، باس لە ژمارەیەك ئالوودەبوو بە هۆشبەر لە توركیا دەكرێت كە شۆكهێنەرە، لەو وڵاتەدا كە 85 ملیۆن هاووڵاتی دەژین، كەچی ژمارەی ئالوودەبووان 15 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.
پێگەی
"ئیلاف" كە پشتی بەو بەیاننامانەی ئەو یەكێتییە جیهانییە بۆ نەهێشتنی مادەی هۆشبەر بەستووە، ئاماژە بەوە دەدات كە ئەمساڵ ژمارەی ئالوودەبووان بە مادەی هۆشبەر لە توركیا، گەیشتووەتە زیاتر لە 15 ملیۆن كەس، ئەویش بە بەراورد بە دانیشتوانی ئەو وڵاتە، شۆكهێنەرە و رێژەكە لە دنیادا پلەی یەكەمی وەرگرتووە.
هالیت تۆپراك سەرۆكی یەكێتییەكە دووپاتی كردووەتەوە، ئەوەی زیاتر نیگەرانیی زیاتری دروست كردووە، تەمەنی ئەوانەی تووشی ئالوودە بوون، لە 12 ساڵەوە تا سەرووتر دەست پێ دەكات، بۆیە هۆشداریی ئەوە دەدەن كە منداڵ و گەنجان بكەونە تەڵەی ئالوودەبوون و دواتریش لەلایەن تۆڕەكانی تاوان بۆ كردەی تاوان بەكار بهێنرێن.
ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی دادگای گشتیی ئیستانبوڵ تا ئێستە كردوویەتی، ژمارەیەكی زۆر لە ئەستێرە دیارەكانی ئەو وڵاتە تووشی هەمان كێشە بوون و ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون، بۆیە ئەوە گفتوگۆیەكی نیشتمانیی لەو وڵاتە دروست كردووە تا پێش بەو كارەساتە بگرن.
بەپێی ئەو ئامارانەی یەكێتییەكە بڵاوی كردووەتەوە، لە ساڵی پار 2024 ژمارەی ئالوودەبووان لە توركیا 10 ملیۆن كەس بووە، كەچی ئەمساڵ 2025 ژمارەیەك بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە 15 ملیۆن ئالوودەبوو، ئەوەیش دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی تووشی كێشە كردووە و كاری رژد بۆ چارەسەری كارەساتەكە دەكەن.