لە شارێكی سووریا رووداوێكی ناخهەژێن رووی داوە كە باوكێك بە چەكی كڵاشنكۆف، تەقە لە هاوسەر و هەرسێ منداڵەكەی دەكات، دواتریش تەقە لە خۆی دەكات و هەر پێنجیان گیان لە دەست دەدەن. هۆكارەكەی دیار نییە و لێكۆڵینەوە رژد دەستی پێ كردووە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەمو 27ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی پۆلیسی سووریا، لە شاری حەما و لە گەڕەكی حەی بەیاز، سەرلە بەیانیی دوێنێ هەینی پیاوێك بە چەكی كڵاشنكۆف، تەقە لە هاوسەر و هەرسێ منداڵەكانی دەكات، دوای ئەوانیش تەقە لە خۆی دەكات و كاتێك پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە، سەرجەمیان گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، پیاوەكە " ف. غ- 42 ساڵ" لە كاتی نانخواردنی بەیانی، تەقە لە هاوسەرەكەی /38 ساڵ/ و دەیكوژێت، دوای ئەویش هەرسێ منداڵەكەی "سەلما 14 ساڵ" و تالا 12 ساڵ" و "جودی پێنج ساڵ" دەكوژێت، پاش كوشتنی ئەوانیش تەقە لە خۆی دەكات خۆی لەناو دەبات.
باس لەوە دەكرێ كاتێك كەسوكارەكانیان پێوەندییان پێوە دەكەن و وەڵامیان نابێت، ئەوكات ئاشكرا دەبێت كە تووشی ئەو كارەساتە بوون و لایەنی تەناهی ئاگادار دەكەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆش سووریا لە بەیاننامەیەكدا رووداوەكەی راگەیاندووە بێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكات، روونی كردووەتەوە كە هەر پێنج تەرمەكان بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و لێكۆڵینەوەی رژد لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە.