هاووڵاتییە عەرەبەکە لە گوندی لوبنانی لەلایەن هاوڕێکانییەوە کوژراوە "ئاسایش بکوژەکەی گرت"

:: PM:05:37:31/12/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر وردەکاریی کوژرانی هاووڵاتییەک لە "گوندی لوبنانی" ئاشکرا دەکات و ڕای دەگەیەنێت، قوربانییەکە لەلایەن هاوڕێکانییەوە لە باڵەخانەوە خراوەتە خوارەوە و تۆمەتباری سەرەکیش گیراوە.

ئەمشەو چوارشەم 31ی کانوونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ڕۆژی 27ی ئەم مانگە لە باڵەخانەکانی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر، هاووڵاتییەکی عەرەب بە ناوی (نایف فازڵ نایف) گیانی لەدەست دا، دەرکەوت لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە کە هاوڕێی خۆی بوون، خراوەتە خوارەوە.

ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ئاکرێ و ئاسایشی شارۆكەی بەردەڕەش، توانرا تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە بە ناوی (ح.ب.أ) بگیرێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارێکی تر بە ناوی (خ.م.أ) کە بەشدارە لە ئەنجامدانی تاوانەکە، بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە و فەرمانی گرتنی لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووە.


وشە - پۆڵا مەحموود