ئافرەتێك لەناو ماڵەكەی خۆی دەخنكێنێت

:: AM:09:47:11/01/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، ئافرەتێك لە ناوەندی شاری بەسرە و لە ناو ماڵەكەی خۆیدا، خۆی خنكاندووە و گیانی لە دەست داوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 11ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، شەوی رابردوو ئافرەتێك لەناو ماڵەكەی لە ناوەندی شاری بەسرەی باشووری عێراق، خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە. باس لەوە دەكرێ كە هۆكاری خۆكوشتنەكە كێشەی خێزانی بووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوت، ئەو ئافرەتی خۆی كوشتووە تەمەنی 18 ساڵە و لە ژوورێكی ماڵەكەیان لە رێگەی گوریسەوە خۆی خنكاندووە.

باس لەوەش دەكات كە هێزێكی تەناهی گەیشتوونەتە ماڵەكە و تەرمەكەیان بۆ پزیشكی داد گواستووەتەوە. بەبێ روونكردنەوەی زانیاریی زیاتر، تەنیا گوتی لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.

دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د