زیادكردنی منداڵ لە بەشەخۆراك دەستی پێ‌ كرد

:: PM:12:15:14/01/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانی عێراق خزمەتگوزاری ئەلیكترۆنی بۆ زیادكردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ بۆ كارتی بەشەخۆراكی هەڵەبجە كارا كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی كانوونی دووەم، وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشێوەیەكی فەرمی كاراكردنی خزمەتگوزاری بۆ زیادكردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ بۆ سیستەمی كارتی بەشەخۆراكی ئەلیكترۆنی لە لقی كارتی بەشەخۆراكی هەڵەبجە ڕاگەیاند.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە دەڵێت، دەستپێكردنی ئەم خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتدایە بۆ ئەلكترۆنی كارەكانی كارتی بەشەخۆراك و گواستنەوە بۆ خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانكردنی ڕێكارەكان و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.

باس لەوەشكراوە، وەزارەتەكە بەرە بەرە بەردەوامە لە فراوانكردنی خزمەتگوزارییەكە بۆ لقەكانی كارتی بەشەخۆراكی كە ماونەتەوە لە بەغدا و پارێزگاكانی تر، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی قۆناغبەندی بە ئامانجی بەرزكردنەوەی كارایی ئەدای كاركردن و دڵنیابوون لەوەی كە بابەتی كارتی بەشەخۆراكی بە شێوەیەكی ڕێكخراو و بێ كێشە دەگاتە دەست سودمەندەكانیان.

تا ئێستە 38 ملیۆن كەس خۆیان لە ئەپی پسوولەی خۆراكدا تۆمار كردووە، بەڵام هێشتا بەكار نەهێنراوە و هەر بە سیستمە كۆنەكە بایع دەدرێ، هەرچەندە ساڵانە خۆراكی چەند مانگێك نادرێت كە بەهاكەی دەیان ملیۆن دۆلارە و كەسیش باسی ناكات، لەگەڵی ئەوەی لە بودجەی عێراقدا تەرخانی دارایی بۆ 12 مانگی ساڵ جێگیر كراوە كە خۆراك بدرێ بە هاووڵاتییان، بەڵام لە 2025دا تەنیا هەشت بایع لە عێراق دراوە و لەوەیشدا ستەمیان لە هەرێمی كوردستان كرد و تەنیا حەوت مانگ دابەش كرا.

لە سەردەمی شەڕی عێراق-ئێرانەوە كە لە 22 ئەیلوول/سێپتێمبەری 1980دا دەستی پێ كرد و لە هەشتی ئاب/ئۆگستسی 1988 ڕاوەستا، بەشەبژێویی هاووڵاتییانی عێراق، لە ڕێگەی پسوولە و هەر خێزانە و بەپێی ژمارەی ئەندامانی، مانگانە بڕێكی بۆ دابین دەكرا، تا ساڵی 1991. لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی ڕێژیمی بەعسی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەدام حوسێن، لە هەرێم ئەو سیستمە نەما، بەڵام بەپێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە هاوینی ساڵی 1996دا، سیستمی دابەشكردنی بژێوی بۆ هەرێمیش گەڕایەوە و تا ئێستە بەردەوامە.

لە دوای بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراك لە ساڵی 1996 كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی لەسەر كرد، تا ئێستە لە رێی كۆبۆنی خۆراكەوە مانگانە بایع بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە كۆبۆنی خۆراك گەندەڵی گەورەی تێدا دەكرێت و هەزاران هاووڵاتی هەن كە لە ژیاندا نەماون، بەڵام ناویان ماوە، جگە لە ساختەكردنی هەزاران كۆبۆنی تر بۆ هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێی عێراق.



وشە - رامیار جەواد