بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و بۆ ئاسانکاری بۆ گەنجان، لیژنەی فەتوای شارۆكەی هیت پێشنیار دەکات لەمەودوا مارەیی لەبری زێڕ، بکرێت بە دیناری عێراقی.
لیژنەی فەتوا لە ئەنجوومەنی پێشنوێژ و گوتارخوێنانی شارۆكەی هیت لە پارێزگای ئەنبار، لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشنیارێکی خستە ڕوو کە تێیدا هاتووە، بەهۆی بەرزیی نرخەکەیەوە لە بازاڕەکاندا، باشترە مارەیی پێشەکی و پاشەکی لەبری زێڕ، بە پارە "دینار" دیاری بکرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم پێشنیارە لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ سووککردنی بارگرانیی سەر شانى ئەو گەنجانەیە کە دەخوازن ژیانی هاوسەری پێک بهێنن، لیژنەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت کارئاسانی لە مارەییدا بکرێت و ئاماژەی بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) کردووە کە دەفەرموێت، باشترین ژنان ئەوانەن کە مارەیییان کەم و ئاسانە.
ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە ماوەیەکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی عێراق بە شێوەیەکی پێوانەیی بەرز بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە تێچووی هاوسەرگیری زۆر زیاد بێت و گەنجان توانای کڕینی ئەو بڕە زێڕەیان نەبێت کە وەک نەریت داوا دەکرێت.