تا ئێستەیش 6%ی منداڵان لەسەر دەستی مامانەكان لە دایك دەبن

:: PM:12:31:02/02/2026 ‌
ڕێكخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ دووشەم بڵاوی كردەوە، تۆمار و ئاماژەكانی وەچەخستنەوە لە عێراق زۆر ئەرێنین، ڕێژەی مردنی منداڵان ڕوو لە كەمبوونەوەیە و چوونە بەر خوێندنی منداڵانیش لە عێراق ڕووی لە زیادبوونە، هاوكات ڕێژەی 94%ی منداڵان لە نەخۆشخانەكان دێنە دنیاوە، بەڵام تا ئێستەیش 6%ی منداڵان لەسەر دەستی مامانەكانەوە لە دایك دەبن.

ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق لە ڕێكخراوی یونسێف گواستوویەتیەوە، ڕێژەی لەدایكبووان لە ژێر سەرپەرشتی پزیشك و نەخۆشخانەكان تا ساڵی 2025 بۆ 94% بەرز بووەتەوە، تەنیا 6% لەسەر دەستی مامانەكان لە دایك دەبن، ئەمەیش وایكردووە ڕێژەی مردنی منداڵان تا ئاستێكی زۆر ڕوو لە كەمبوونەوە بكات، بەگوێرەی ئامارەكانیش لە هەزار منداڵی لە دایكبوو و ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوەیە، تەنیا 23.2% دەمرن، ئەمەیش ڕێژەیەكی تەواو كەمترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ڕێژەی نەچوونی منداڵان بۆ خوێندن و پێوەستبوون بە قوتابخانەكانەوە زۆر ڕووی لە كەمی كردووە، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئەمە وایكردووە كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری منداڵان خۆیان لە قوتابخانەكان تۆمار بكەن و بخوێنن.

ڕێكخراوی یونسێف ئاماژەی داوە، ئەو منداڵانەی عێراق نەرمونیانن و سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكانی نەبوونی خزمەتگوزاری و كەشوهەوا و خراپیی دۆخی ئابووری دەبنەوە، هاوكات بەشێك لە منداڵان تا ئێستەیش ڕووبەڕووی لێدان و ئازاردان دەبن لەلایەن كەسوكار و خێزانەكانیانەوە. خراپی خۆراكیش گرفتێكی ترە كە بەرۆكی منداڵان دەگرێت، بەڵام سەرەڕای ئەمانە سیاسەت و بەرنامەی حكوومەت بریتییە لە كاركردن بۆ باشتركردنی ژیانی منداڵان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د