"ئوم زەكی" چۆن كوژرا و بۆ گومان لە دەسەڵاتی سووریا هەیە؟

:: PM:07:01:02/02/2026 ‌
رۆژی 29ی كانوونی دووەم، تەرمی هودا شەعراوی ئەكتەر و هونەرمەندی سووری لە ماڵەكەیدا لە دیمەشق دۆزرایەوە، كە یەكێك بوو لە هونەرمەندە دیارەكانی ئەو وڵاتە و رۆڵی سەرەكی لە چەندان درامای بەناوبانگ لە نێویاندا "باب الحارە" هەبووە. 

دوای چەندان رۆژ لە كوشتنی، هەندێك لە میدیاكان سەرەداوی كوشتنەكەیان دۆزیوەتەوە كە "ئوم زەكی" لەلایەن كێ و بە چ هۆكارێك كوژراوە. بەشێكیش لە میدیاكانی دنیا ئەوە وەك پیلانێكی سەرەتایی لەلایەن حكوومەتی كاتیی سووریاوە دادەنێن، كە دەیەوێ‌ ئەو هونەرمەندانە لە وڵاتەكەدا نەبن. 

ماڵباتی هونەرمەند "ئوم زەكی" وردەكاری نوێیان لەبارەى كوشتنی بە دەستی كرێكاری ناوماڵەكەی ئاشكرا كردووە، بەڵام ئەوە وەك ڕووداوێك باس دەكەن كە هێشتا وەڵامی زۆرێك لە پرسیارەكانی نەدراوەتەوە. 

ڤیكی ئاجۆكی كرێكاری ناوماڵەكەیەتی و ئێستە گیراوە، لە كاتی لێپرسینەوەدا ددانی بە تاوانەكەیدا ناوە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری كوشتنەكە. 

غەسان حەریری، هاوسەری كچی هونەرمەندی كۆچكردوو، لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پشتڕاستی كردەوە كە لێكۆڵینەوەكان ڕوونن و ئەو كرێكارە نامەیەكی جێهێشتووە، بەڵام لە نامەكەیدا نووسیویەتی هیچ كێشەیەكی لەگەڵ "ئوم زەكی" نەبووە، بەبێ‌ ئەوەی هۆكاری كوشتنەكەی روون بكاتەوە. 

ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو كرێكارە بە تەنیا لە ماڵەكەدا بووە لەكاتی تاوانەكەدا، هەروەها دادگاییەكەی لە سووریا بەڕێوە دەچێت و دیپۆرت ناكرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی لە ئۆگەندا.

ئەحمەد حەریری نەوەی هونەرمەندی كۆچكردوو ڕەتی دەكاتەوە هیچ تێكچوونێكی دەروونی لەلایەن تۆمەتبارەكەوە هەبێت، وەك هەندێك بانگەشەی بۆ دەكەن، ئەو دووپاتی دەکاتەوە كە ئەو كچە تەندروستە و هەمیشە لەگەڵ داپیرەی بووە لە كاتی وێنەگرتن و لە هەموو شوێنێكی تر، هەمووان وەك ئەندامێكی خێزانەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

ڕوونیشی كردەوە، پێش ڕووداوەكە "ئوم زەكی" تووشی هەڵامەت بووە، لەگەڵ پزیشك چاودێری بارودۆخیان كردووە و پشكنینی پزیشكی پێویستیان ئەنجام داوە بۆ دڵنیابوون لە باشیی تەندروستیی.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان تووشی شۆك بوون كە ئەو خزمەتكارە تاوانەكەی ئەنجام داوە و دواتر هەوڵی داوە ڕا بكات. 

هێشتا پرسیارگەلێك لەسەر تاوانەكە ماون، كە ئەو خزمەتكارە چۆن و بە هاندانی كێ ئەو كارەی كردووە، چونكە مامەڵەی لەگەڵ دەرەوەی ماڵەكەدا هەبووە و زوو دەرۆیشتە دەرەوە. 

دوای هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ دەسەڵاتی سووریا، ئەو وڵاتە بەتەواوی دۆخەكەی گۆڕاوە و مامەڵەیەكی توندڕۆیانە دەكرێت، بەشێك ئەوە بە گومان دەزانن كە حكوومەتی كاتیی سووریا دەیەوێ‌ هونەرمەندە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتە كۆتایی پێ بهێنێت.


وشە - وشه‌