لە تاوانێكی قێزەونی دیكەی چەكدارەكانی ئەحمەد شەرع، گەنجێكی كورد شەهید دەكەن، گوێی دەبڕن و بە تانك بەسەر تەرمەكەیدا دەڕۆن و بۆ ماوەی چەند رۆژێكیش تەرمەكەی لەسەر شەقام جێدەهێڵن.
كامەران عوسمان لە ڕێكخراوی "سی پی تی”ی ئەمەریكی كە بۆ بەدۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكان سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە، ڕای گەیاند، لە ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمدا، چەكدارانی سوپای حكوومەتی نوێی سووریا، هاووڵاتییەكی مەدەنی كورد بە ناوی (عومەر محەمەد هیرۆ /26 ساڵ/ لە شاری ڕەقە دەگرن.
دەشڵێت، چەكدارەكان سەرەتا گوێی چەپی ئەو هاووڵاتییە كوردە دەبڕن و بە چەقۆ لە بەشی پشتەوەی سەری دەدەن و دواتر دەیكوژن. ئینجا بە تانك بەسەر جەستەكەیدا دەڕۆن و جەستەی وورد و خاش دەكەن.
باس لەوەش دەكات، كە لەدوای 10 ڕۆژ تەرمەكەی عومەر محەمەد هێرۆ ڕادەستی خێزانەكەی كراوەتەوە و دواتر لە گوندی قەرەبابا- لە شارەدێی ڕاجۆ – لە عەفرین دەنێژرێت.
خێزانی عومەر خەڵكی گوندی قەرەبابان لە عەفرین و پێشتر چوار جار لە عەفرینەوە بۆ شەهبا و دواتر بۆ تەبقا، ئینجا بۆ حەلەب و دواتریش بۆ قامیشلۆ ئاوارە بوون.