دۆخی گرتووخانەكانی ئێران رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و بۆ ژنانی گرتووخانەكە دوو هێندە خراپتر كراوە، كە جگە لە زیندانیان، ئەشكەنجەی بەردەوام و لێدانی بەزەبری تێدایە.
هاوسەری گیراوێكی سیاسیی ژن لە ئێران دوای ئەوەی سەردانی ژنەكەی كردووە لە گرتووخانە، بۆی دەركەوتووە كە شوێنەواری شینبوونەوە بەجەستەی ژنەكەی بەناوی "ویدا ڕەبانی" دیار بووە و ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە.
حەمید ڕەزا ئەمیری هاوسەری ویدا ڕەبانی كە ڕۆژنامەنووسە و گیراوی سیاسیی ئێرانە، پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە و رای گەیاند، لە كاتی چاوپێكەوتن لە گرتووخانەی "تەنكابن" شوێنەواری شینبوونەوەی زۆر بە جەستەی ویداوە دیار بووە و بە توندی لێی دراوە، بەهۆی ڕەتكردنەوەی باڵاپۆشی زۆرەملێ، هێزە تەناهییەكان مووی سەریان ڕاكێشاوە و هەڵیانكەندووە.
روونیشی كردووەتەوە كە ویدا لەو مووە هەڵكەندراوانەی خۆی، دەستبەندێكی چنیوە و لە دەستی كردووە.
لە 31ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا، جارێكی تر ویدا ڕەبانی گیراوی سیاسیی پێشووی ئێران، لەگەڵ هەریەكە لە عەبدوڵا مومنی و مەهدی مەحموودیان دەستبەسەر كرایەوە، ئەم دەستبەسەركردنە دوای واژووكردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە بارودۆخی وڵات و سەركوتكردنی هاووڵاتییان لەلایەن دەسەڵاتەوە هات.
ویدا ساڵی 2022 لە كاتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی” دەستبەسەر كرابوو و دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە 30 مانگ لە گرتووخانە، لە نەورۆزی 2025 بە مەرج ئازاد كرابوو.