بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ مانگی رەمەزان، لە پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەی لایەنە پێوەندیدارەكان بەڕێوە چوو كە تێیدا چەندان بڕیار دران، هاوكات لەو مانگەدا دەوامی فەرمانبەرانی شارەكە سەعاتێك كەم دەكرێتەوە و سەعات نۆی بەیانیش دەوام دەست پێ دەكات.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دووپاتی لە توندكردنی چاودێریكردنی بازاڕ و نرخ و كەلوپەل و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان لە هەموو شوێنەكان كردەوە.
ئەو بڕیارانەی بۆ مانگی رەمەزان دراون:
یەكەم/ لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دەوامی فەرمی لە داودەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ ماوەی یەك سەعات كەم دەكرێتەوە و نۆی بەیانی دەوام دەست پێ دەكات.
دووەم/ لیژنەی قایمقامییەتەكان، بازرگانی، شارەوانی، تەندروستی و لایەنەكانی تری پێوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی بازاڕ و نرخ و كەلوپەل و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر.
سێیەم/ نابێت ڕێگە بە هیچ كەسێك بدرێت، مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بكات و نرخی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان گران بكات.
چوارەم/ ڕێكاری یاسایی پێویست بەرانبەر هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر كە یاری بەبازاڕ دەكەن و نرخی خۆراك و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەكەن.
پێنجەم/ لە پێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە ساغكردنەوەی خۆراكی ماوەبەسەرچوو و بێ كوالێتی، هەڵمەتی لیژنەكان و بەدواداچوون و پشكنین بۆ كۆگەكانی خۆراك، درمان، مۆڵ، ماركێت و شوێنەكانی تری هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەی شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.
شەشەم/ لە بازگەكان چاودێری توند بكرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراك و كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو هاوردەی سنووری پارێزگای هەولێر بكرێت.
حەوتەم/ تیمەكانی شارەوانی زێدەتر لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە ڕێكخستنی بازاڕ و چاودێریكردنی شوێنە گشتییەكان و پاككردنەوەی ناو بازاڕ و شوێنە گشتیەكان بەردەوام دەبن.
هەشتەم/ كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر و ڤێتێرنەری بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنە و لایەنە پێوەندیدارەكان، وەك ساڵان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
نۆیەم/ هێزەكانی ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و گیانی هاووڵاتییان، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا.
دەیەم/ كردنەوەی بازاڕی شەوانی ڕەمەزان لە سەنتەری شار لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە ڕووی ڕێكخستن و ڕێكارەكانی، ئەمساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو بە باشی و بەبێ كەموكوڕی بەڕێوە دەبرێت.
یازدەیەم/ مزگەوتەكان تەنیا لە 10 شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگەیان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی، جگە لە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمیی مزگەوتیش، هیچ كەسی تر بۆی نییە رێوڕەسم و چالاكیی ئاینی و تەراویح ئەنجام بدات.