بکوژی ئافرەتەکەی "گوڵی شار" گیرا... دەیویست بچێتە دەرەوەی هەرێم

:: AM:10:53:13/02/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕای گەیاند، بکوژی ئەو ئافرەتەیان گرتووە کە دوێنێ لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گوڵی شار" کوژرا، دەرکەوتووە کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە و تۆمەتبار ویستوویەتی هەڵبێت.

ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، بکوژەکە بە چوار گولە ئافرەتەکەی کوشتووە. دوای ئەنجامدانی تاوانەکەش، هەوڵی داوە بە هاوکاریی برایەک و زاوایەکی، بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای چاودێریی ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار، بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانرا بکوژەکە و دوو هاوکارەکەی بگیرێن.

ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە، تۆمەتباری بکوژ بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، هەروەها هەردوو تۆمەتبارەکەی تر کە هاوکاری بوون بۆ ئەوەی دەربازی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەم، تەرمی ئافرەتێک لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گوڵی شار" لە سلێمانی دۆزرایەوە، کە تەمەنی 40 ساڵە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.



وشە - پۆڵا مەحموود