بەهۆی گەمارۆی كۆبانێ‌ منداڵێكی تر گیانی لە دەست دا

:: AM:11:19:15/02/2026 ‌
گەمارۆكانی سەر كۆبانێ‌ بۆ 27 رۆژ بەردەوامی هەیە، پزیشكێكیش دەڵێت، شەوی رابردوو منداڵێكی تر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی شوبات، رەعد كۆبانێ‌ پزیشك و چالاكی ئەو شارە، بە "وشە"ـی راگەیاند، منداڵێكی  /12 ساڵ/ـی دانیشتووی كۆبانێ، دوای ئەوەی بارودۆخی تەندروستیی تێكدەچێت، بەهۆی كەمیی بەرگریی لەشییەوە، نەدەتوانرا لە كۆبانێ چارەسەر بكرێت.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی كە خراوەتە سەر كۆبانێ، نەتوانرا منداڵەكە ببرێتە شارێكی تر بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت، سەرئەنجام گیانی لە دەست دا.

بەمەیش بووە چوارەمین منداڵ كە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و گەمارۆی سەر شارەكە گیان لە دەست بدات.

ئەوە لە كاتێكدایە لە 28ـی كانوونی دووەمەوە، ئاگربەست لە نێوان هێزە كوردییەكان و چەكدارانی سوپای عەرەبیی سووریا راگەیەنراوە.


وشە - رامیار جەواد