وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رای دەگەیەنێت، بۆ چارەسەكردنی كێشەی مادەی هۆشبەر كە بەرۆكی گرتوون، ئێستە سەنتەری شیاندنەوە هەیە و بەشێك لە گیراوەكان بە مادەی هۆشەبەر ژن و منداڵن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی شوبات، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، پرسی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان ئێستە لە دۆخێكی مەترسیداردایە، مەترسیی مادەی هۆشبەر زیاترە لە مەترسیی تیرۆر.
زیاتر گوتی، یەك لەسەر پێنجی سزادراوان لە وەزارەتەكەی ئێمە لەسەر مادەی هۆشبەرە، كە بەداخەوە لە ناو ئەو سزادراوانەدا ژن و منداڵیش هەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، خۆشبەختانە ئێستە لە هەر شەش چاكسازییەكە سەنتەری چارەسەر و شیاندنەوەی ئاڵدوودەبووانی مادەی هۆشبەر هەن، كە توانیومانە ڕێژەیەكی زۆرباش چارەسەریان بۆ بكەین.
لەبارەی هۆكاری زیادبوونی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان، كوێستان محەمەد دووپاتی كردەوە لەوەی "دیاردەیەكی جیهانییە" و تایبەت نییە تەنیا بە هەرێمی كوردستان و عێراق، هۆكاری سەرەكیی هەژارییە، بەتایبەت لە سەردەمی شەڕی داعش و دوای داعش كاتێك ناوچەكە بە قەیرانێكی ئابووری قووڵدا تێپەڕی.