ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان، رێژەی زەكاتی پارە، سەرفترە، فیدیە، زێڕ، زیو و خشڵی ئافرەتی بۆ ئەمساڵ راگەیاند.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامی كوردستان بەمشێوەیە بە وردەكارییەوە رای گەیاندووە و "وشە" وەكخۆی بڵاوی دەكاتەوە:
1- نیسابی (زەكاتی پارە) بۆ ئەم ساڵ بریتییە لە: سێ ملیۆن دیناری عێراقی. هەر موسڵمانێك ئەو بڕە پارەی هەبوو، ساڵیشی بەسەردا تێپەڕی، واجبە زەكاتی لە سەدا دوو و نیو (2.5%)ی لێ بدات، واتە لە یەك ملیۆن 25 هەزار دینار، لە یەك دەفتەر دۆلار 250 دۆلار.
2- نیسابی (زەكاتی زیو) بریتییە لە: 200 درهەم، كە دەكاتە 140 مسقاڵ. هەر موسڵمانێك ئەو بڕە زیوەی هەبوو، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە لە سەدا دوو و نیو (2.5%) زەكاتی لێ بدات.
3- نیسابی زەكاتی زێڕ بریتییە لە 20 مسقاڵ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە (نیو) مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، یەك مسقاڵ واجبە.
4- نیسابی زەكاتی خشڵی حەڵاڵی ئافرەتان كە بۆ خۆیان بەكاری بهێنن و بازرگانیی پێوە نەكەن بریتییە 200 دوو سەد مسقاڵ زێڕ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە لە سەدا دوو و نیوی (2.5%)ی لێ بدات.
5- زەكاتی سەرفترە بۆ ئەم ساڵ، ئەگەر بە (پارە) بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی.
6- (فیدیە)ی بەڕۆژوونەبوون بۆ ئەم ساڵ (بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە) ئەگەر بە (پارە) بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی.