شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی بێ‌ سەرەتا لە هاووڵاتییەكی دا و هەڵهات

:: PM:03:15:23/02/2026 ‌
پۆلیسی سلێمانی گرتنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە بە ئۆتۆمبێلێكی بێ‌ سەرەتا هاووڵاتییەكی شێلابوو دواتر هەڵهاتبوو. 

پۆلیس بڵاوی كردەوە، شەوی رابردوو سەعات یەكی شەو، هاووڵاتییەك لەكاتی پەڕینەوەیدا لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود ئۆتۆمبێلێكی جۆری تویوتا كراونی بێ سەرەتا لێی دەدات و شۆفێرەكە هەڵدێت .

ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە پۆلیسی فریاكەوتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی 104 ئاگادار دەكرێنەوە دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن شوێن ئۆتۆمبێلی ناوبراو دەكەون و دەتوانن بیگرن كە شۆفێرەكەی لەژێر كاریگەری مادەی سەرخۆشكار "كحوول"دا بووە.

وەك پۆلیس ئاماژەی بۆ كردووە، پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە رێكخراوە و تۆمەتبار بەناوی (ئ.ئ.م) لەدایكبووی  1984 بەپێی مادەی 23 لە یاسای هاتوچۆ راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم