شاعیری گەورەی كورد رەفیق سابیر لە 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەكی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، كۆچی دوایی كرد.
ئەمڕۆ شەموو 28ـی شوبات، دكتۆر ڕەفیق سابیر قادر لە ساڵی 1950 لە شارۆچكەی قەڵادزێ لە دایك بووە و شاعیرێكی گەورەی كوردە، ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە سوید كۆچی دوایی كرد.
رەفیق سابیر خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە قەلادزێ تەواو كردووە، لە ساڵی1970-1974 لە زانكۆی بەغدا، كۆلێژی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی كوردی خوێندوویەتی.
ئەو شاعیرە لە ساڵی 1976 یەكەمین كۆمەڵە هۆنراوەی بەناوی (پشكۆكان دەگەشێنەوە) لە بەغدا بڵاو كردەوە. لە نیسانی 1979 بووەتە پێشمەرگە. لە سەرەتای ساڵی 1981 لە شاخ لەگەڵ كۆمەڵێك نووسەر، نووسەرانی كوردستانیان دامەزراندووە، هەروا گۆڤاری (نووسەری كوردستان)یان دەركردووە.
لە هاوینی ساڵی 1982 كوردستانی بەجێ هێشتووە و چۆتەوە بۆ بوڵگارستان. لەوێ لە ئەكادێمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە، لە هاوینی ساڵی 1087 بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە، دوكتۆرنامەكەی بە ناوی (رۆڵی كولتوور لە پێكهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی كورد) نووسیوە.
هۆنراوەكانی رەفیق سابیر بۆ چەندان زمانی بیانی، وەك كتیبی سەربەخۆ، یان ئەنتۆلۆجیای شیعری، تەرجومە كراون و بڵاو كراونەتەوە لەوانە زمانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فڕەنسی، سوێدی، دانماركی، نەرویجی، هۆڵەندی و ئیستۆنی.