كەسێك بە تۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە گیرا

:: AM:11:27:12/03/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، كەسێك بەتۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە لە هاووڵاتییان بەناوی كۆمپانیای پاككەرەوە گرتووە كە 150 هەزار دیناری لە خەڵك وەرگرتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، ئاگادار كرانەوە كە كەسێك لە گەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەناوی كۆمپانیای پاككەرەوەوە، پارەی جەژنانەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، هێزەكانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و توانیان تۆمەتبارێك بەناوی (ر، أ، خ) لە دایكبووی (2002) بگرن.

ئاماژەی بەوەش كراوە، دەستیان بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە كە ئەو كەسە لە هاووڵاتییانی وەرگرتبوو كە بڕەكەی نزیكەی 150 هەزار دینار بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت، پاش ئەوەی تۆمەتبار ڕادەستی بنكەی پۆلیسی بەختیاری كرا، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە ڕێكخرا و ئێستە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


وشە - رامیار جەواد